هادی عامری: هیچ پێکدادانێک لە نێوان دەوڵەت و بەرەی مقاوەمەدا روونادات

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، دڵنیایی تەواوی دایە رای گشتی کە بە هیچ شێوازێک پێکدادان لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێزەکانی مقاوەمەی ئیسلامی روونادات.

هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، "من دڵنیایی دەدەمە هەمووان کە بە هیچ شێوازێک پێکدادان لە نێوان دەوڵەت و بەرەی مقاوەمەدا روونادات."

هاوکات گوتی: "دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بڕیارێکە چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەری رێککەوتووە و ئێمە دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران دەکەین و پشتگیریی تەواوی دەکەین لەم بوارەدا".

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر ، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، رێکخستنەوەی چەک ئامانجێکی نیشتمانی، دەستووری و شەرعییە، هەروەها بنەمایەکە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز کە توانای پاراستنی عێراق، ئاسایش، سەروەری و کەرامەتی وڵاتی هەبێت.

هادی عامری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک بڕیارێکی دەرەکی نییە، بەڵکو بە تەواوی بڕیارێکی عێراقیی نیشتمانییە.