ئەمریکا هەوڵ بۆ رێکخستنی لووتکەی سێقۆڵیی نێوان ترەمپ و پووتین و زێلێنسکی دەدات
ئەمڕۆ، یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA) لە سەردانێکی نهێنیدا بۆ مۆسکۆ، پێشنیاری سازکردنی لووتکەیەکی سێقۆڵیی کردووە بۆ کۆکردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، ڤلادیمێر پووتین و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی. ئامانج لەم هەوڵە کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.
راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، راتکلیف سێشەممەی رابردوو گەیشتووەتە مۆسکۆ و لەگەڵ سێرگی ناریشکین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەرەوەی رووسیا (SVR) و ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆف، بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا (FSB) کۆبووەتەوە. ئەم سەردانە یەکەمجارە بەڕێوەبەری CIA بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەست بە هەوڵێکی دیپلۆماسی دەکات بۆ شکاندنی بنبەستی دانوستانەکان.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کرد، راتکلیف لە کۆبوونەوەکاندا وێنەیەکی تاریگی لەبارەی داهاتووی جەنگ و زیانەکانی رووسیا خستووەتە روو. راتکلیف هۆشداری داوەتە مۆسکۆ پێش خراپتربوونی دۆخەکە بگەنە رێککەوتن. واشنتن پێیوایە بۆرتنیکۆف دەتوانێت رۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت لە رازیکردنی پووتین بۆ گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پشتیوانی خۆی بۆ بیرۆکەی لووتکە سێقۆڵییەکە دەربڕیوە، بەڵام ڤلادیمێر پووتین تا ئێستا رەتی کردووەتەوە. هاوکات بەرپرسانی کیێڤ بە گومانەوە سەیری جوڵەکانی مۆسکۆ دەکەن. باڤلۆ پالیسا، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رایگەیاند، زانیاریی هەواڵگرییان لەبەردەستە کە نیشانی دەدات رووسیا خەریکی ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی نوێ بۆ سەر کیێڤ و تشێرنیهێڤ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ئەکسیۆس هەوڵیدا لە بایەخی سیاسی سەردانەکە کەم بکاتەوە. ترەمپ وەسفی سەردانەکەی کرد بە کارێکی رۆتینی و رایگەیاند، ئامانج لێی ئاراستەکردنی هیچ هەڕەشەیەک نەبووە بۆ سەر رووسیا لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر خاکی ناتۆ.
دانوستانەکانی ئاشتی کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرد، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتەوە بەهۆی سەرهەڵدانی جەنگی ئێران پەککەوتبوون. کیریلۆ بودانۆڤ، بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەگەری هەیە لە مانگی ئەیلوولدا جارێکی دیکە پڕۆسەی دیپلۆماسی بە نێوەندگیری واشنتن دەست پێ بکاتەوە.
زێلێنسکی سوپاسی ئیدارەی ترەمپی کردووە بۆ ئەو زمانە توند و گونجاوەی لەگەڵ رووسیا بەکاری دەهێنن. سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەمریکا ئێستا بە دیدگایەکی واقیعییانەترەوە کار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەکات.