کیم جۆنگ ئون وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی گۆڕی

وەزیری بەرگریی کۆریای باکوور لە پۆستەکەی لادرا

کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە سەرکردایەتیی سەربازیی وڵاتەکەیدا کرد، کە دیارترینیان دوورخستنەوەی وەزیری بەرگری بووە.

میدیای فەرمیی کۆریای باکوور، ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، رایگەیاند، بڕیاری دووبارە رێکخستنەوەی پێکهاتەی سوپا لە میانی کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی کیم جۆنگ ئون دراوە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA)، نۆ کوانگ چۆل لە پۆستی وەزیری بەرگری لادراوە و پلەکەی بۆ جێگری یەکەمی بەڕێوەبەری فەرمانگەی پیشەسازی چەک لە نێو حزبی دەسەڵاتداردا دابەزێنراوە.

لە شوێنی ئەو، کیم سونگ گی کە پێشتر بەڕێوەبەری نووسینگەی سیاسیی گشتیی سوپای گەلی کۆریای باکوور بوو، وەک وەزیری نوێی بەرگری دەستنیشانکرا. هاوکات پاک جۆنگ چۆن، راوێژکاری بەرگری بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی لیژنەی سەربازیی ناوەندی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرزکرایەوە.

ئاژانسەکە لە راپۆرتێکی دیکەدا بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون لە رێوڕەسمێکدا رێزی لە کۆمەڵێک زانا و توێژەر گرتووە و بەرزترین میدالیای نیشتمانیی پێ بەخشیون. ئەم خەڵاتکردنە لە پاداشتی چارەسەرکردنی کێشە زانستی و تەکنیکییەکان بووە لە پەرەپێدانی سیستەمی نوێی چەکدا.

ناوەندیی توێژینەوەی چەک لە کۆریای باکوور رایگەیاند، تەکنەلۆژیایەکی تایبەت و ناوازەیان پەرەپێداوە کە وەک وەرچەرخانێک لە بەهێزکردنی تواناکانی جەنگدا دادەنرێت. ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوو، کیم سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی سیستەمێکی نوێی مووشەکی دوورهاوێژی کرد.

ئەم گۆڕانکارییە سەربازییانەی پیۆنگ یانگ هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی کۆریای باشوور و ئەمریکا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رەخنەی لەم مانۆڕانە گرتبوو و بە ئیستفزازی ناوزەدی کردبوون، هاوکات ستایشی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کردبوو.

سەرەڕای پەیامە دۆستانەکانی ترەمپ، کۆریای باکوور هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی نیشان نەداوە و بەردەوامە لە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی. پیۆنگ یانگ واشنتنی تۆمەتبار کردووە بەوەی بە فرۆشتنی چەک بە کۆریای باشوور، سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات.

لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە لەنێوان 7 بۆ 11ـی ئەیلوول، هەریەکە لە کۆریای باشوور، ئەمریکا و ژاپۆن مانۆڕێکی سەربازیی سێقۆڵی بە ناوی فریدۆم ئایدج لە نزیک دوورگەی جیجۆ ئەنجام بدەن. ئەم مانۆڕە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکوورە.