گەنجێکی هەنگاری فڕۆکەیەکی دزی و هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی خستە ئامادەباشییەوە
پۆلیسی هەنگاریا دەستگیرکردنی گەنجێکی راگەیاند؛ فڕۆکەیەکی دزیبوو و بەرەو وێستگەیەکی ئەتۆمی وڵاتەکە دەفڕی، ئەمەش وایکرد هێزی ئاسمانی دوو فڕۆکەی جەنگی بۆ راوەدوونانی رەوانە بکات و ناچاری بکات لە کێڵگەیەکی گوڵەبەڕۆژەدا بنیشێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵان رۆژی شەممە چووەتە ناو فڕۆکەخانەی کالۆتشا و فڕۆکەیەکی بچووکی جۆری سیسنا 172ی دزیوە، پاشان بەرەو ئەو ناوچە ئاسمانییە قەدەخەکراوە فڕیوە کە دەکەوێتە سەر تاکە وێستگەی وزەی ئەتۆمی وڵاتەکە.
رۆمۆلۆس روسین-سێندی، وەزیری بەرگریی هەنگاریا لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "سیستەمەکانی رادار فڕۆکەکەیان لەناو ناوچەی قەدەخەکراوی وێستگەی پاکسی ئەتۆمی دەستنیشان کردووە، دەستبەجێ دوو فڕۆکەی جەنگی جۆری (گریپن) بۆ ئەرکێکی خێرا و رێگریکردن رەوانەی ئاسمان کران."
دوای چەند خولەکێک لە راوەدوونانی ئاسمانی، گەنجەکە ناچار بوو بە شێوەیەکی نائاسایی لە کێڵگەیەکی گوڵەبەڕۆژەدا بنیشێتەوە کە تەنیا 20 کیلۆمەتر لە وێستگە ئەتۆمییەکەوە دوور بوو. لە ئەنجامی نیشتنەوەکەدا، تایەکانی فڕۆکەکە زیانیان بەرکەوت و گەنجەکەش بە سووکی بریندار بوو.
دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، تۆمەتبارەکە بە پێ کێڵگەکەی بڕیوە تا گەیشتووەتە سەر شەقامی گشتی. لەوێ هەوڵیداوە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک بدزێت کە بۆ هاوکاریکردنی وەستابوو، بەڵام هەوڵەکەی شکستی هێنا و لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
پۆلیسی هەنگاریا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گەنجەکە لە کاتی دەستگیرکردنیدا بارودۆخی دەروونی شڵەژاو بووە، ئێستاش لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کارەکەی بەردەوامە.