ئهمڕۆ زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار لیتر بەنزین دابەشدەکرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار لە 105 بەنزینخانەی سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەسەر شوفێراندا دابەش دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەم پرۆسەیە لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنییەوە بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 95 هەزار ئۆتۆمبێل لەم بەنزینە سوودمەند بن.
سەبارەت بە هەولێر، ئەمڕۆ 1 ملیۆن و 330 هەزار لیتر بەنزین لە 38 بەنزینخانەدا دابەش دەکرێت، کە زیاتر لە 33 هەزار ئۆتۆمبێل لێی سوودمەند دەبن.
لەبارەی رێکخستنی نۆرەی وەرگرتنی بەنزینیش، هۆشداری دراوە کە رێکاری توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر. بەگوێرەی رێنماییەکان، دانانی بەرد، بلۆک یان هەر کەرەستەیەکی دیکە بۆ گرتنی نۆرە بە تەواوی قەدەغەیە و کەرەستەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
لە کاتژمێر 06:30ـی بەیانییەوە، مەفرەزەکانی پۆلیس لە بەردەم بەنزینخانەی بەحرکە و چەندین بەنزینخانەی دیکە جێگیر کراون بۆ رێکخستنی هاتوچۆ و چاودێریکردنی پرۆسەی نۆرەگرتن.
هاوکات شوفێران ئاگادار کراونەتەوە، هەر جۆرە هەوڵێک بۆ تێکدانی نۆرە یان دروستکردنی فرەنۆرەیی، سزای یاسایی لێ دەکەوێتەوە.