موجتەبا خامنەیی: هێزە دەرەکییەکان ناتوانن ئیرادەی گەلی ئێران بشکێنن
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرشەکان، مەترسیی گەڕانەوە بۆ یاسای دارستان زیاتر دەکات.
موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکدا جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی فەرمانە ئایینییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی کردەوە و رایگەیاند، هەر هەنگاوێک ببێتە هۆی ناکۆکی لە نێوان موسڵماناندا، خزمەت بە ئامانجەکانی دوژمنانی ئیسلام دەکات.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، لەم سەردەمەدا کە ئەمریکا و هێزە خۆبەزلزانەکان دەمامکەکانیان لاداوە و رووی راستەقینەی خۆیان پیشانی جیهان داوە، هیچ کەسێک ناتوانێت کردە قێزەونەکان بخاتە ئەستۆی نەزانی و بێئاگایی.
خامنەیی روونیکردەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا دوژمنی ئێران و بەرەی بەرگری نین، بەڵکو دوژمنی سەرسەختی هەموو ئومەتی ئیسلامن و رێز لەو فەرمانڕەوایانەش ناگرن کە هاوکارییان دەکەن.
سەبارەت بە پرسی فەڵەستین و ئاسایشی کەنداو، رێبەری ئێران هۆکاری بێپەنا مانی گەلی فەڵەستین و کەوتنەژێر ستەمی ئیسرائیل بۆ نەبوونی یەکڕیزی لە نێوان موسڵماناندا گەڕاندەوە.
خامنەیی جەختی کردەوە، ئەگەر وڵاتانی دەوروبەری کەنداو لەژێر ئاڵای ئیسلامدا یەکیانگرتایە، هێزە بیانییەکان لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە نەدەوێران چاو ببڕنە سەر خاک و سامانیان.
لە پەیامەکەیدا سێ وانەی سەرەکی وەک چارەسەری کێشەکانی جیهانی ئیسلامی دەستنیشان کراوە؛ یەکڕیزی و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی، بەرگریکردن لە یەکتر لە بەرامبەر کوفردا، هەروەها هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارەکانی زانست، ئابووری، ئاسایش و پێشکەوتن.
بە بڕوای خامنەیی، یەکگرتوویی موسڵمانان بەردی بناخەی گەیشتنە بە شارستانییەتی نوێی ئیسلامی. لەو چوارچێوەیەدا داوا لە گەلان و دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەت لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا کراوە دوژمنی راستەقینەی خۆیان بناسن و بە هاوکاری و دۆستایەتی بەرەوڕووی پیلانەکان ببنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، رێبەری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هێزە دەرەکییەکان ناتوانن لە رێگەی شەڕی ئابوورییەوە ئیرادەی گەلی ئێران بشکێنن.
سەرەڕای ئەمەش، موجتەبا خامنەیی روونیکردەوە کە هاوپەیمانیی تاران و پەکین پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێی داڕشتنی سیستمی ئەمنیی هاوبەشەوە.