هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتەوە سفر

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هاوردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتەوە سفر، ئەمە لە کاتێکدایە رێژەی هاوردەکردن لە هەفتەی پێشوودا 6 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە.

ئیدارەی وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە هەفتەی رابردوودا کەنەدا رۆژانە 3 ملیۆن و 526 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە، بەمەش لە ریزبەندی یەکەمی گەورەترین هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەو وڵاتە دێت، دواتر ڤێنێزوێلا بە 662 هەزار بەرمیل پلەی دووەمی گرتووە، بەرازیل بە 348 هەزار بەرمیل، مەکسیک بە 196 هەزار بەرمیل و سعوودیە بە 165 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە پلەکانی دواتردا هاتوون.

ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆڵۆمبیا بە تێکڕای 141 هەزار بەرمیلی رۆژانە و لیبیا بە 89 هەزار بەرمیل و نێجیریا بە 50 هەزار بەرمیل لە ریزبەندیی دواوە هاتوون.

باسی لەوەش کردووە، هاوردەی نەوتی ئەمریکا لە عێراق و ئیکوادۆرەوە لە هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە سفر، هەروەها هیچ زانیارییەکی لەبارەی هاوردەکردنی نەوت لە جەزائیر، ئەنگۆلا، کۆنگۆ، گینیای ئیستوایی، کوەیت، نەرویج، رووسیا، ترینداد تۆباگۆ ئاشکرا نەکردووە. 

یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، دوای حەوت هەفتەی یەک لەدوای یەک کە ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتبووە سفر، هاوردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا دەستیپێکردەوە.