پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەگەری نمە باران و هەورە تریشقە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان هەیە و سبەی بەهۆی کاریگەری بارستە هەوایەکی فێنک، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئابی 2026 کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری پڕوشکە باران لە ناوچە جیاجیاکان. هەروەها لە هەندێک کاتدا لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان ئەگەری نمە باران و هەورە تریشقە هەیە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ خێرایی با لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان زیاد دەکات و ئاراستەکەشی بەرەو باکووری رۆژهەڵات دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ یەک بۆ دوو پلە دادەبەزن.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی دووشەممە 31ی ئابی 2026، ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور، بەڵام بەهۆی کاریگەریی بارستە هەوایەکی فێنک، پلەکانی گەرما بە رێژەی سێ بۆ پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزن و کەشوهەوا فێنک دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی دووشەممە:
هەولێر: 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 36 پلەی سیلیزی
دهۆک: 36 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 38 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 39 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 42 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 37 پلەی سیلیزی
پیرمام: 35 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 38 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 39 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 26 پلەی سیلیزی