یەکێتیی ئەوروپا بۆ دوو ساڵی دیکە ئەرکێکی نوێ لە عێراق و هەرێم دەستپێدەکات

سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەندێک زانیاری خستەڕوو. ئەو باسی لەوە کرد ئەرکەکانیان چۆن دەبێت و چۆن کار دەکەن لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی ئابی 2026 ، رالیف شرودەر، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، ئاماژەی بەوە دا؛ هاوکارییەکانیان باری لۆجستی ناگرێتەوە. ئەوان تەنیا پشتیوانی دەستپێشخەرییەکانی داڕشتنەوەی یاسا دەکەن. هەروەها راوێژی ستراتیژی دەدەن بۆ پڕۆگرامەکانی راهێنان و سیاسەتەکانی پۆلیس. باسی لەوەش کرد؛ پۆلیسی هۆڵەندا ئێستا کار بۆ هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هەولێر دەکات.

بەگوێرەی قسەکانی سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق؛ ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێزی هاوپەیمانانەوە نییە. لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە دەست بە کارێکی نوێ دەکەن. ئەم ئەرکە نوێیەیان بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش و کێشە ئەمنییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان، شرودەر روونی کردەوە؛ ئەرکی ئەوان تەنیا ئەو بابەتانە دەگرێتەوە پەیوەستن بە ئاسایشی مەدەنییەوە. گوتیشی: "پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ سوپادا نییە، لە کوردستان تەنیا لەگەڵ پۆلیس و ئاسایشدا هەماهەنگیمان هەیە."