چوار رێگە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق پێشنیاز دەکرێت

روانگە ئیکۆ عێراق لە راپۆرتێکی رۆژنامەوانیدا چوار رێڕەوی جێگرەوەی بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق پێشنیاز کرد، تا حکوومەتی عێراق لە کاتی قەیرانەکاندا ناچار نەبێت تەنیا پشت بە گەرووی هورمز ببەستێت.

روانگە ئیکۆ عێراق رایگەیاند، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی ئابووری لە جەنگی ناوچەکە بەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆی مەترسیی راوەستانی هەناردەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمز.

ئەو دامەزراوە ئابوورییە جەختی لە پێویستیی پشتبەستن بە تۆڕی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت کردەوە، بە ئامانجی دڵنیابوون لە بەردەوامیی رۆیشتنی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان.

سەبارەت بە رێڕەوەکان، چاودێری ئیکۆ عێراق یەکەم رێڕەوی بە رێگەی شام (بەسرە - حەدیسە - عەقەبە) ناو برد، کە رێگە خۆش دەکات بۆ گەیشتن بە دەریای سوور بەدوور لە گەرووی هورمز. رێڕەوی دووەمیش رێگەی حەدیسە - بانیاس دەبێت بۆ بەستنەوەی نەوتی عێراق بە دەریای ناوەڕاست لە رێگەی خاکی سووریا، کە دەروازەیەکی دیکە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا دەکاتەوە.

لەبارەی رێڕەوی سێیەم، ئەو چاودێرە پێشنیازی بەکارهێنانی رێگەی بەسرە - سعوودیە - عومان کرد بۆ گەیشتن بە دەریای عەرەب و بازاڕەکانی ئاسیا بەبێ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز. رێڕەوی چوارەمیش رێگەی حەدیسە - کەرکووک - جەیهان دەبێت بە ئامانجی بەهێزکردنی دەروازەی هەناردەی باکوور و بەستنەوەی نەوتی عێراق بە بەندەری جەیهانی تورکیا لە سەر دەریای ناوەڕاست.

روانگە ئیکۆ عێراق پێیوایە حەدیسە لە ئەنبار دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ تۆڕی بۆرییەکانی نەوتی عێراق، لە رێگەی بەستنەوەی هێڵەکانی باشوور بە دەروازەکانی هەناردەکردن لە ئوردن و سووریا و تورکیا، لەگەڵ ئەگەری پەرەپێدانی رێڕەوی زیاتر لە داهاتوودا.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن بە مانای دەستبەرداربوون لە کەنداو نییە، بەڵکو ئامانج لێی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پشتبەستن بە یەک دەروازە و دڵنیابوون لە بەردەوامیی هەناردەی نەوتە، تا توانای ئابووریی عێراق بەهێزتر ببێت و داهاتەکانی وڵات پارێزراو بن.