نیپاڵ.. بارانی بەخوڕ ئاستەنگی لەبەردەم تیمەکانی فریاگوزاری دروست کردووە
بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوێکی وێرانکەر لە سنووری نێوان نیپال و هەرێمی تیبتی چینی، تاوەکو ئێستا 750 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 3,000 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، تیمەکانی فریاگوزاریش لە ناو دۆخێکی سەختدا بەدوای رزگاربوواندا دەگەڕێن.
دەستەی فریاکەوتنی نیپال رۆژی یەکشەممە 30ی ئابی 2026 رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی ئەو لافاوە وێرانکەرەی کە بەهۆی راماڵینی شاخە سەهۆڵینەکان و بارانی بەخوڕەوە دروستبووە، گەیشتووەتە 734 گیان لەدەستدان و 2,498 کەسیش بێسەروشوێنن. لە لایەنی چینیشەوە، میدیا فەرمییەکان بڵاویانکردەوە کە 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و 546 کەسیش چارەنووسیان نادیارە، بەمەش کۆی گشتی قوربانیان گەیشتە 750 کەس و ژمارەی بێسەروشوێنبووانیش گەیشتە 3,044 کەس.
سوپای نیپال هەوڵدەدات بگاتە ناو ئەو تونێلانەی کە پڕۆژەی بەنداوە کارەباییەکانیان تێدا جێبەجێ دەکرێت، چونکە حکوومەت مەزەندە دەکات زیاتر لە 100 کرێکار لە ناو تونێلی پڕۆژەی "تریشولی 3 ئەی" بە زیندوویی مابنەوە. تیمەکان توانیویانە بۆری ئۆکسجین بگەیەننە ناو تونێلەکان تاوەکو تیمەکانی رزگارکردن دەگەنە لایان، بەڵام بارانی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان کارەکانی تیمی فریاگوزارییان قورس کردووە.
شیسیر خانال، وەزیری دەرەوەی نیپال رایگەیاند، زیانەکان بە "ملیاران دۆلار" دەخەمڵێنرێن و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوکارییان بکەن. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمریکا هاوکارییەکی مرۆیی بە بڕی 3.6 ملیۆن دۆلار بۆ نیپال تەرخان کرد.
زانایان و پسپۆڕان هۆکاری ئەم کارەساتە بۆ راماڵینی شاخە سەهۆڵینەکان (Glacial collapse) دەگێڕنەوە. سیمۆن ستیل، بەرپرسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییە فۆسیلییەکانەوە مەترسیی ئەم جۆرە کارەساتانەی لە جیهاندا زیاتر کردووە. وەزیری دەرەوەی نیپاڵیش ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە وڵاتەکەی کەمتر لە 0.01%ی گازە زیانبەخشەکان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام گەلی نیپاڵ بوونەتە یەکێک لە قوربانییە سەرەکییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.