وادەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار راگەیەنرا
دوای سێ مانگ لە راگرتنی رێکارە یاساییەکان، کۆتایی هەفتە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دەست پێ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، دانا تەقیەددین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ تیمەکەیان سەردانی دادگای تاوانەکانی کردووە و بە فەرمی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 3ـی ئەیلوولی 2026، وەک یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دیاری کراوە.
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی دادگاییکردنەکە لەو خاڵەوە دەست پێ دەکاتەوە پێشتر تێیدا راوەستابوو. روونیشی کردەوە، لە رێکەوتی 31ـی ئایاری ئەمساڵەوە بەهۆی پێشکەشکردنی داواکارییەک لەلایەن تیمەکەیانەوە بۆ دادگا، پرۆسەکە بە شێوەیەکی کاتی راگیرابوو.
سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە، دانا تەقیەددین بۆ کوردستان24 گوتی: "رێکارەکان روونن، لە دۆسیەی ژمارە 56ـدا 12 تۆمەت ئاراستەی گیراوانی لالەزار کراوە، بۆیە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و هەر 12 تۆمەتبارەکە پێکەوە و لە یەک کاتدا لە بەردەم دادگا بەڕێوەدەچێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندامەکەی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی تیشکی خستە سەر پرسی گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ شاری هەولێر و کێشەکانی بەردەم دادگای پێداچوونەوە. لەمبارەیەوە ئاشکرای کرد، لە سەرەتای پرۆسەکەوە سەرجەم دادگاکان رێکارەکانیان راگرتبوو تاوەکوو دادگای پێداچوونەوە بڕیار دەدات. تەنیا یەک دادوەری لێکۆڵینەوە نەبێت لە کارەکانی بەردەوام بوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دادگای پێداچوونەوە بۆ ماوەی دوو مانگ پەکخرابوو.
لەبارەی هۆکاری پەکخستنی دادگای پێداچوونەوە پەیوەست بەم دۆسیەیەوە، دانا تەقیەددین روونیکردەوە، فشارێکی زۆر بۆ سەر دادگای پێداچوونەوە هەبوو بۆ ئەوەی دۆسیەکە بە نووسراوەکانەوە بنێرێت. هەروەها دادوەرانی دادگای تیرۆر پابەندی بڕیارەکانی سەرووی خۆیان نەدەبوون، ئەم دۆخە وای کرد ئەو دادوەرانەی لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دادگای پێداچوونەوە دانراون هەڵوێست وەربگرن و کارەکانیان رابگرن.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.