بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە، کوڕەکەی ناتانیاهۆ ئەمریکای جێهێشت
دەزگا فەرمییەکان و میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، یائیر ناتانیاهۆ، کوڕی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی هەڕەشەکردنەوە، بەپەلە لە ئەمریکاوە گەڕاوەتەوە ئیسرائیل.
دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی هەڕەشە لەسەر ژیانی، کوڕەکەی ناتانیاهۆ لە ئەمریکاوە گەڕاوەتەوە ئیسرائیل، شاباک ئاشکرایکرد، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمی ئەمنی، بڕیاری گواستنەوەی بەپەلە و گەڕاندنەوەی بۆ ئیسرائیل دەرچووە.
شاباک سەرچاوەی هەڕەشەکەی دیارینەکرد، بەڵام ئەو زانیارییانە چەند رۆژێک دوای ئەوە بڵاوکرانەوە بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، ئێران پلانی بۆ بە ئامانجگرتنی یەکێک لە کوڕەکانی داناوە، هەروەها تۆڕی تەلەفزیۆنی 'نیوزماکس'ـی ئەمریکی ئەم هەفتەیە بڵاویکردەوە، یائیر ناتانیاهۆ لە کاتی مانەوەی لە مەیامی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا، ئامانجی پیلانێکی گومانلێکراوی تیرۆرکردن بووە لەلایەن ئێرانەوە.
تۆڕەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە ئەمریکا ئاشکرایکرد، هەواڵگریی ئیسرائیل لە کانوونی یەکەمی 2025 بە پیلانەکەی زانیوە و دەزگاکانی ئەمریکای لێ ئاگادارکردووەتەوە، نیوزماکس ئەوەشی خستەڕوو، فەرمان بە یائیر ناتانیاهۆ کراوە دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵبکات، هەرچەندە تیمێکی ئەمنی ئیسرائیلی بەردەوام یاوەرییکردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانە، کوڕەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە خێرایی گەشتی کردووە، تەنانەت نەیتوانیوە کەلوپەلە تایبەتییەکانی لەگەڵ خۆی ببات و راستەوخۆ دوای وەرگرتنی فەرمانەکە، گەڕاوەتەوە ئیسرائیل.