دوو بەرپرس حەوت ساڵ زیندانی دەکرێن؛ دوو هێندەی پارە دزراوەکەش دەگەڕێننەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لە پەرلەمانتارێکی پێشوو و بریکاری وەزارەتی نەوت دەرکرد، هەروەها بڕیاری دا زیاتر لە 120 ملیار دیناریان لێ وەربگیرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دوو سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەسەر هەریەک لە تەڵال زەوبەعی، پەرلەمانتاری پێشوو، و عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن دەرچووە. سزادانەکە بەهۆی تێوەگلانیانە لە هەردوو تاوانی هەڵئاوسانی سەرمایە و بەدەستهێنانی دەستکەوتی نایاسایی.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕی دەستکەوتی نایاسایی و هەڵئاوسانی سەرمایەی تەڵال زەوبەعی گەیشتووەتە نزیکەی 35 ملیار دینار. بەپێی بڕیارەکەی دادگا، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو ناچار کراوە بڕی نزیکەی 70 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی دەستکەوتە نایاساییەکەی و دانانی پێبژاردنێکی هاوتا بەو بڕە پارەیە.

هەروەها، دەستەی دەستپاکی روونی کردەوە بڕی دەستکەوتی نایاسایی و هەڵئاوسانی سەرمایەی عەلی مەعارج، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن گەیشتووەتە نزیکەی 26.5 ملیار دینار. دادگاش بڕیاری داوە ناچاری بکات بڕی 53 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە، وەک قەرەبووی دەستکەوتە نایاساییەکە و پێبژاردنێکی هاوتا بۆ هەمان بڕ.

ئەم سزایانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی گەورەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا دێن لە عێراق بەڕێوەدەچێت و بە "هەڵمەتی بەرەبەیان" ناسراوە.

 لە ماوەی رابردوودا، هێزە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی چەندین بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتاریان دەستگیر کردووە. تەڵال زەوبەعی لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی بووە لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام دواتر بە تۆمەتی گەندەڵی و هەڵئاوسانی سەرمایە رووبەڕووی لێکۆڵینەوە بووەوە.

لەلایەکی دیکەوە، عەلی مەعارج بەهادلی، یەکێک بوو لە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی نەوت و پێشتر لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە خرابووە لیستی سزاکانەوە. سزادانەکەی پەیوەست بوو بە تۆمەتی قاچاغچێتی نەوت و تێوەگلان لە دۆسیەی دارایی نایاساییدا. لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە بەغدا، بڕێکی زۆر پارە و موڵک لە ماڵەکەیدا دەستی بەسەردا گیرا.