لە قوبرس بەلەمێک بە 270 سەرنشینەوە نقوم بوو
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، میدیاکانی قوبرس رایانگەیاند، بەلەمێکی گواستنەوەی سەرنشین کە نزیکەی 270 کەسی هەڵگرتبوو، لە کەناراوەکانی باکووری قوبرس نقووم بوو. ئاماژەیان بەوەش کرد، پرۆسەی گەڕان و رزگارکردن قوربانییەکان دەستی پێکردووە.
لەوبارەوە مورات شەنکول، سەرۆکی شارەوانیی گیرنیا لە قوبرس بە سی ئێن ئێنی تورکی گوت "توانراوە دەستیان بگات بە 159 کەس لەو 270 سەرنشینەی لەسەر بەلەمەکە بوون."
رۆژنامەی کیبریس بڵاویکردەوە، بەلەمەکە لە جۆری کاتاماران بووە، لە دووری نزیکەی 4 میل لە کەناراوەکان تووشی رووداوەکە بووە، رۆژنامەکە روونیکردەوە، تیمەکانی فریاگوزاری و ئەمبولانسەکان بۆ شوێنی رووداوەکە رەوانە کراون و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی سەرنشینانی دیکە بەردەوامن.
