پەرلەمانتارێک: کردنەوەی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە ئاکرێ بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی خەڵكە

دیمەنێکی شاری ئاکرێ
دیمەنێکی شاری ئاکرێ

پەرلەمانتارێک ئاشکرای دەکات، پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە نووسینگەیەک لە شاری ئاکرێ بکاتەوە بۆ گوێگرتن لە کێشە و داواکارییەکانی هاووڵاتییان و ئاراستەکردنیان بۆ بەغدا، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا نووسینگەکە بە فەرمی بکرێتەوە.

هەریەک لە سەلوان تەها و زیرەک زێباری، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، نووسراوێکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ کردنەوەی نووسینگەیەک لە شاری ئاکرێ. لەمبارەیەوە پەرلەمان داواکارییەکەی پەسەند کردووە.

سەلوان تەها، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی: "لە کۆتایی مانگی رابردوودا داوامان لە پەرلەمانی عێراق کرد نووسینگەیەک لە ئاکرێ بکرێتەوە، چەند رۆژێک پێش ئێستاش پەرلەمان رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکەمان دەربڕی."

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، هەموو پێداویستییەکان و باڵەخانە بۆ نووسینگەکە ئامادە کراون، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی بکرێتەوە. 

سەبارەت بە خەرجییەکانیش روونی کردەوە، پەرلەمانی عێراق کرێی باڵەخانەکە نادات، بۆیە خۆی و زیرەک زێباری بەیەکەوە مانگانە کرێیەکە دەدەن.

لەبارەی کەلوپەلەکانی نووسینگەکەشەوە، سەلوان تەها بۆ کوردستان24 باسی لەوە کرد، پەرلەمانی عێراق پێی راگەیاندوون چەند کەلوپەلێکیان هەیە و دەتوانن بیبینن، ئەگەر باش بوون سوودیان لێ دەبینن، ئەگەرنا خۆیان پێداویستییەکان دەکڕن. 

جەختیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە گوێگرتنی راستەوخۆیە لە داواکارییەکانی خەڵک بۆ ئەوەی بە خێرایی رەوانەی پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بکەن.