بۆ رێگریکردن لە زێدەڕۆیی چەند لیژنەیەک پێکدەهێنرێن

نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ چاودێریکردنی زێدەڕۆییەکانی سەر زەوییەکانی بەغدا راگەیاند، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین لیژنەی ناوچەیی و لیژنەیەکی باڵا پێکدەهێنرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کرد، لەمەودوا بۆ بەدواداچوون و بینینی هەموو ئەو زێدەڕۆییانەی دەکرێنە سەر زەوییەکان لە پایتەختی عێراق، پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبەستن.

عەبدولئەمیر شەممەری جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە راگرتنی زێدەڕۆییەکان و رێگریکردنە لە بەردەوامبوونیان لەسەر زەوی و موڵکی گشتی. بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش، لیژنەیەکی باڵا لەگەڵ چەندین لیژنەی دیکە لە هەموو ناوچەکاندا پێکدەهێنرێن.

بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەرکی سەرەکیی لیژنە ناوچەییەکان بریتی دەبێت لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی سەرجەم حاڵەتەکانی زێدەڕۆیی و تۆمارکردنیان بۆ ئەوەی رێکاری پێویستیان بەرانبەر بگیرێتەبەر.

ئەم بڕیارە توندانەی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دوای ئەوە دێن لە چەند رۆژی رابردوودا رووداوێکی نەخوازراو لە کاتی لابردنی زێدەڕۆییەکاندا لە بەغدا رووی دا.

 لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی لابردنی زێدەڕۆییەکانی سەر زەوییەکانی دەوڵەت لە ناوچەی دۆرە لە باشووری بەغدا، هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی تەقەکردن بوونەوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێک بە پلەی عەمید لەگەڵ کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوای ئەو رووداوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد رێکاری توند بەرانبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر و هێزە ئەمنییەکان بە تەواوی ئامادەباشییەوە رووبەڕووی هەر کەسێک ببنەوە هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانی دەوڵەت دەدات. 

پێشتریش حکوومەتی عێراق چەندین هەڵمەتی بۆ لابردنی زێدەڕۆییە بازرگانی و نیشتەجێبوونەکان لە ناوچە جیاوازەکانی پایتەخت دەست پێ کردووە، ئامانج لێی گەڕاندنەوەی سیمای شارستانیی بەغدا و پاراستنی مافی گشتییە.