ئیسرائیل بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان باشووری لوبنانی کردە ئامانج
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ی ئابی 2026، چەند ناوچە و شارۆچکەیەکی سنووری لە باشووری لوبنان کەوتنە بەر زنجیرەیەک تۆپبارانی چڕ و هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل، کە تێیدا چەندین ناوچەی ستراتیژی کراونەتە ئامانج.
بە گوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، تۆپخانەکانی ئیسرائیل هەریەکە لە شارۆچکەکانی مەیفەدون، تولین، مەنسووری و وادی سلوقی-یان بۆردومان کردووە. هەروەها ناوچەکانی نێوان بەیت یەحون و بەرعەشیت کراونەتە ئامانج و هێزەکانی ئیسرائیل بۆمبی فۆسفۆرییان بەرەو دەوروبەری بەرزاییەکانی عەلی تاهر هاویشتووە.
هاوکات، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەی نەبەتیەی فەوقا، لە کاتێکدا گردی دەبشە و بەرزاییەکانی عەلی تاهر جارێکی دیکە تۆپباران کراونەتەوە و بە رەشاشی قورسیش تەقە لە شارۆچکەی حەداسا کراوە.
هەر لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا، دەوروبەری مەنسوری و بیوت سەیاد و رێرەوی رووباری زەوتەر لە رۆژهەڵات و رۆژئاواوە بۆردومان کراون، کە ناوچەکانی قەقعەییە، یەحمر شەقیف، فەقعاتی، لێوارەکانی تەیبە، دێر میماس، خەردەلی، جەرمەق و عەیشییەی گرتووەتەوە.