عەباس بەهادلی: زیاتر لە دوو تۆن و 300 کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە

وێنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەرشیف
وێنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەرشیف

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ئاماری چالاکییەکانی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە.

عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە ساڵی 2026ـدا توانیویەتی دەست بەسەر 2 تۆن و 370 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا بگرێت.

عەباس بەهادلی گوتیشی: ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان سزای دادگایان بەسەردا سەپێنراوە گەیشتووەتە 4,644 کەس. لەو ژمارەیەش 69 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 267 کەسی دیکەش سزای زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی 304 تۆڕی ناوخۆیی و 54 تۆڕی نێودەوڵەتی، هەروەها 21 ئۆپەراسیۆنی دەرەکی کراون و 6 خاڵی پەیوەندی دروستکراون و 43 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتیش دەرچوون.

عەباس بەهادلی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە 32 پێکدادانی لەگەڵ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان هەبووە، کە بەهۆیەوە ئەندامێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە گیانی لەدەست داوە و 31 ئەندامی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەو پێکدادانانەدا 3 بازرگانی ماددە هۆشبەر کوژراون و 23 کەسی دیکەیان بریندار بوون.