باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانییانی هێرشەکانی سەر هەرێم دەربڕی

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرد؛ لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە، ئاڵۆزییەکانی سووریا و هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال تاووتوێ کران.

بارەگای بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کلیمێنس زێمتنەر باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا کە شتیفان ڤێنت بەرپرسی نوێی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا پیرۆزبایی یادی هەشتا ساڵەی دامەزراندنی پارتی لە سەرۆک بارزانی کرد و هەروەها هاوخەمیی خۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییانی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوو راگەیاند.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وێڕای ئاماژەدان بە ئاڵۆزیی بارودۆخی ناوچەکە باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ یەکێتیی ئەوروپا هەمیشە جێگەی بایەخە.

بارەگای بارزانی دەشڵێت: هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و گرژییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی عێراق لە قۆناخی داهاتوو ئاڵوگۆڕ کرا؛ هاوکات پێشهاتەکانی سووریا و بارودۆخی شنگال و هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.