ئێران: ئەمریکا بە هەڵەدا چووە ئەگەر پێی وابێت بە گەمارۆدان دەگاتە ئامانج
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند: گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا کاریگەری لەسەر وڵاتەکەی هەیە، بەڵام تاران دەستبەستراو نابێت و کاردانەوەیەکی توندی دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، گۆشەگیرکردنی ئێران بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی وڵاتەکەوە مەحاڵە.
عەلی زەینی وەند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گەمارۆی دەریاییی سەپێندراو بەسەر ئێراندا کاریگەری لەسەر وڵاتەکە هەیە؛ بەڵام ئەم کاریگەرییە تەنیا لەسەر ئابووریی ئێران سنووردار نابێت. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، تاران دەستەوەستان نابێت و کاردانەوەیەکی توندی دەبێت.
زەینی وەند گوتی: ئەگەر ئەمریکا پێی وابێت دەتوانێت لە رێگەی داخستنی دەریاوە بۆ چەند مانگێک یان ساڵێک بگاتە ئامانجێک، ئەوا بە هەڵەدا چووە."
باسی لەوەش کرد، سەپاندنی گەمارۆیەکی تەواوەتی بەسەر ئێراندا مەحاڵە، ئەمەش بەهۆی پێگەی جوگرافیی وڵاتەکە، پانوبەرینی سنوورەکانی و فرەچەشنیی رێگاکانی بازرگانی و گواستنەوە.
روونی کردەوە، "وڵاتێک کە 15 دراوسێی هەبێت، خاوەنی ئەو هەموو سنوورە هاوبەشە بێت، سوود لە دەیان و سەدان بازاڕی سنووری وەربگرێت و ڕێگەی جۆراوجۆری گواستنەوەی ئاسمانیی هەبێت، ناکرێت گەمارۆیەکی رەهای بەسەردا بسەپێنرێت."
دەشڵێت: توانای خۆڕاگریی گەلی ئێران لە لێکەوتەکانی گەمارۆکە گەورەترە، بە دڵنیایییەوە بەسەر ئەم هەڕەشە دووبارەبووەوانەدا سەردەکەوین.
ئەم لێدوانانەی زەینی وەند لە کاتێکدا دێن کە گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران بەردەوامە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو: کە جێبەجێکردنی گەمارۆکە لە 13ـی نیسانی 2026ەوە دەستی پێکردووە، پێش ئەوەی لە 18ـی حوزەیراندا ڕابگیرێت، پاشان واشنتن لە 14ـی تەممووزەوە دەستپێکردنەوەی گەمارۆکەی راگەیاندەوە.