تورکیا، سعوودیە و پاکستان لە ئیستانبوڵ بۆ بەهێزکردنی بەرگریی هاوبەش کۆدەبنەوە

بەرپرسانی باڵای سەربازی و دیپلۆماسیی تورکیا، سعوودیە و پاکستان رۆژی دووشەممە لە ئیستانبوڵ یەکەمین جار لیژنەی هاوبەشی رێککەوتننامەی بەرگریی مەککە کۆدەبنەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی بەرگریی هاوبەش و بەرهەمهێنانی چەک لە نێوان هەرسێک وڵاتدا.

یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە ئاشکرای کرد، سبەی تورکیا، سعوودیە و پاکستان لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی بەرگریی مەککە لە ئیستانبوڵ کۆدەبنەوە، هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوە، وەزیرانی بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای هەرسێک وڵات بەشدار دەبن.

سەرچاوەکە ئاماژەی داوە، ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت، ئەو وڵاتانە نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر پەرەسەندنی جەنگی ئێران و هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی کەنداو.

تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی ئیستەنبوڵ بریتی دەبن لە تاوتوێکردنی پرسی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەرزکردنەوەی توانای بەرگری و گونجاندنی ئۆپەراسیۆنی لە نێوان هێزە چەکدارەکانی هەرسێ دەوڵەتدا، هاوکات پتەوکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی پیشەسازیی بەرگریدا لە رێگەی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی هاوبەشی چەک و کەرەستەی سەربازی.

ئەم هاوپەیمانییە نوێیە کە تورکیا، دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ ، پاکستان دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و سعوودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا دێت کە شەش مانگ بەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران تێپەڕیوە و دانوستانەکان گەیشتوونەتە بنبەست؛ تورکیا ئاشکراشی کردووە کە لە داهاتوودا دەرفەت هەیە میسریش پەیوەندی بەم هاوپەیمانییە بەرگرییەوە بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بەبێ ئەوەی ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان بێت لەگەڵ واشنتندا.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رێککەوتننامەکە هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ بڕگەی بەرگریی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت؛ بە جۆرێک کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی ئەندامانی رێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت، و ئامانج لێی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەشە لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی سەربازیدا.

لە 7ی ئابی 2026، سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری جەددە ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ بەرگریی هاوبەش ئیمزا کرد.