کلیمێنس زێمتنەر: کار بۆ هێنانی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، ئەرکی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ دوو ساڵی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان درێژکراوەتەوە و بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی و ئەمنی، هاوکات سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانیان بۆ هێنانی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا بۆ عێراق و هەرێم.

یەکشەممە 30ی ئابی 2026، کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتییەکە پێشینەیەکی بەهێزی لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، بەتایبەت لە سەردەمی شەڕی دژ بە داعش و هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەراندا؛ ئێستاش سەرنجی سەرەکییان لەسەر هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری، بەهێزکردنی کەرتی بانکی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، و ئەنجامدانی راهێنانی پیشەیی بۆ گەنجان بە مەبەستی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و بازرگانییە بچووک و مامناوەندەکان.

کلیمێنس زێمتنەر ئاشکرای کرد، برۆکسل هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا (EIB) بە فەرمی کارەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، و گوتی: بۆ هێنانی بانکەکە پێویستمان بە واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی چوارچێوەییە لەگەڵ حکوومەت و هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو رێککەوتنە واژۆ بکرێت.

هاوکات باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی تیمی پسپۆڕانیانەوە، راوێژی سەربازی و ئەمنی پێشکەش بە هێزەکانی پۆلیس و دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن بە مەبەستی چاکسازی و بەهێزکردنی تواناکانیان.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران لەسەر ناوچەکە، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لەو شوێنانەی بە چڕ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی نەرێنیی ململانێ سەربازییەکان، وێڕای ئەوەی بەشێک نەبووە لە جەنگەکە.

هەروەها کلیمێنس زێمتنەر سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی ناوچەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاکە رێگەچارە دانوستان و دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی رێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بکرێت و ئاسایشی هەناردەکردنی نەوت بپارێزرێت، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی عێراقە بۆ پێدانی مووچە و بووژانەوەی ئابووری.