واشنتن پۆست: فەرماندە باڵاکانی ئەمریکا دژی مانەوەی هێزەکانیانن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

رۆژنامەی 'واشنتن پۆست'، ئاشکرای کردووە، ژمارەیەک لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئەمریکا ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە درێژکردنەوەی مانەوەی هێزە سەربازییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە، چونکە پێیان وایە بەردەوامیی جەنگی ئێران زیانی قورس بە توانای بەرگری و ئامادەیی هێزەکانی واشنتن دەگەیەنێت

رۆژنامەی 'واشنتن پۆست' لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، هەڵسەنگاندنێکی ناوخۆییی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) هۆشداریی ئەوەی داوە کە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان لە جەنگی ئێراندا، بووەتە هۆی دابەزینی تواناکانی سوپای ئەمریکا، ئەمەش ئامادەیی سوپاکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی دیکە و پاراستنی خاکی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.

بە پێی راپۆرتی رۆژنامەکە، ژمارەیەک لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئەمریکا، لەوانە فەرماندەکانی هێزی دەریایی، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا، ناوچەی زەریای هیندی و ئارام، و فەرماندەیی باشوور، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکان و کەرەستە سەربازییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە.

ئەوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەردەوامبوونی جەنگەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر، مەترسییەکانی سەر ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا زیاتر دەکات.

سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە، هێزی دەریاییی ئەمریکا رووبەڕووی فشارێکی قورس بووەتەوە، بە شێوەیەک کە ئامادەیی بەشێک لە کەشتییە تێکشکێنەرەکانی کەم بووەتەوە. جگە لەوەش، کۆگاکانی مووشەکی جۆری باتریۆت، تاد و تۆماهۆک بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، هاوکات زیان بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ژمارەیەک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گەیشتووە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە ، هەرچەندە فەرماندە سەربازییەکان دژی درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانیانن، بەڵام پابەندن بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی وەزیری جەنگ، لە کاتێکدا ناڕوونییەکی زۆر لەبارەی کاتی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە هەیە.

هاوکات هۆشدارییان داوە، کە بەردەوامبوونی کەمبوونەوەی توانا مرۆیی و سەربازییەکان و کەرەستە جەنگییەکان، رەنگە ببێتە هۆی سنووردارکردنی توانای واشنتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە ئەگەرییەکانی هێزە ڕکابەرەکانی دیکەدا، بە تایبەتی چین و رووسیا.