عێراقچی لە رێگەی باڵیۆزی ئێران نامەیەکی بۆ فوئاد حوسێن نارد
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیی لە محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا کرد و پەیامێکی نووسراوی لەلایەن عەباس عێراقچی پێگەیشت، هاوکات هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی دانوستان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە بەغدا پێشوازی لە محەمەد کازم ئال سادق، کرد. لە میانی دیدارەکەدا، باڵیۆزی ئێران پەیامێکی فەرمیی لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە رادەستی فۆئاد حوسێن کرد سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی رێڕەوی دانوستانەکان بە مەبەستی رگرتنی گرژییەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە تاوتوێ کران، هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن دووپاتیکردەوە کە رێگەچارەی ئاشتییانە و دیالۆگ باشترین بژاردەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە هەنووکەییەکان، بە جۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیریی دەوڵەتانی ناوچەکە و بەرژەوەندیی گەلانی تێدا دەستەبەر بکرێت.