پێسکۆڤ: کۆبوونەوەی سەرۆکەکان پێویستی بە یەکلاکردنەوەی تەواوی وردەکارییە ئاڵۆزەکان هەیە
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) مەرجی مۆسکۆی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان ڤلادیمیر پووتین، دۆناڵد ترەمپ و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاشکرا کرد، و جەختی کردەوە کە ئەم دیدارە تەنیا لە حاڵەتێکدا ئەنجام دەدرێت کە رێککەوتنی کۆتایی بۆ پرۆسەی ئاشتی ئامادە کرابێت.
یەکشەممە، 30ی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی لە زاری دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بڵاوی کردەوە، ماوەیەکی زۆرە داوای رێکخستنی کۆبوونەوەی لوتکەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەکرێت.
پێسکۆڤ ئاماژەی داوە، هەڵوێستی سەرۆکی رووسیا لەم بارەیەوە تەواو روونە و کۆبوونەوەی لەو شێوەیە تەنیا بۆ مەبەستی بەفەرمیکردن و جێگیرکردنی رێککەوتنەکان لەسەر کاخەز دەبێت.
گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئەو رێککەوتنانە بە هیچ شێوەیەک رێککەوتنێکی ئاسایی و سادە نین، بەڵکو گوزارشت لە پرۆسەیەکی ئاشتیی یەکجار ئاڵۆز دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر لە وردەکارییە سیاسی و سەربازییەکان لەخۆدەگرێت، هەربۆیە پێویستە پێشوەختە سەرجەم لایەنەکان یەکلایی بکرێنەوە پێش ئەوەی کۆبوونەوە لە ئاستی سەرۆکەکاندا بەڕێوەبچێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پێگەی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، سێشەممەی رابردوو گەیشتووەتە مۆسکۆ و لەگەڵ سێرگی ناریشکین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەرەوەی رووسیا (SVR) و ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆف، بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا (FSB) کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی پێگەکە، راتکلیف پێشنیازی لووتکەیەکی سێقۆڵیی لە نێواندۆناڵد ترەمپ، ڤلادیمێر پووتین و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی کردووە. ئامانج لەم هەوڵە کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.