کلیمێنس زێمتنەر: لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: ئامادەن هاوکاری کوردستان و عێراق بن لە بەکارهێنانی سامانەکانیان بە مەبەستی بەهێزکردنی ئابووری، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لەسەر قەڵای مێژوویی هەولێر رایگەیاند، کە یەکێتیی ئەوروپا لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکارییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخان و سامانێکی سروشتیی باشن و ئێمە دەمانەوێت هاوکار بین لە بەکارهێنان و وەبەرهێنانی ئەو سامانە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی عێراق و بەهێزکردنی ئابووریی کوردستاندا، بە جۆرێک کە پشتبەستن بە نەوت، گاز و پێکهاتەکانی دیکە کەم بکرێتەوە."

کلیمێنس زێمتنەر لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا جەختی لە پێویستیی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری کردەوە و روونی کردەوە، پێویستە لە هەمان کاتدا پڕۆسەی گەشەپێدان لە کەرتی تایبەت و راکێشانی سەرمایەگوزاریی زیاتر لە هەرێمی کوردستاندا چالاکتر بکرێت.

سەبارەت بە چاکسازییە دارایی و کارگێڕییەکان، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق گوتی: "ئێمە پاڵپشتیی تەواو لە ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوە و شەڕی دژی گەندەڵی دەکەین، هاوکات پشتیوانی لە پڕۆسەی چاکسازیی سیستمی بانکی دەکەین."

هاوکات دووپاتی کردەوە کە یەکێتیی ئەوروپا وەک هەمیشە ئامادەیی هەیە لە هەرێمی کوردستاندا بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی هاوبەش و پێشکەشکردنی هاوکاریی پەرەپێدان لە بوارە جیاوازەکاندا.