حزبە کوردستانییەکان: ناوچە کوردستانییەکان پەراوێزخراون

حزبە کوردستانییەکان لە خانەقین کۆبوونەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ بانگەوازی جەماوەریی خەڵکی قەزاکە بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی راگەیاند، بە ئامانجی سەرکۆنەکردنی سیاسەتی تەعریب و داواکردنی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور.

یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین بە کوردستان24ـی رایگەیاند: "لەسەر داوای خەڵکی خانەقین، حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی نیشتەجێی قەزاەکە کۆبوونەتەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ بانگەوازی هاووڵاتییان بە مەبەستی ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە رۆژی دووشەممەدا دەربڕیوە."

بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵوێستە جەماوەرییە، جەختکردنەوەیە لە پێویستیی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و سەرکۆنەکردنی سەرجەم ئەو گۆڕانکارییە ئیدارییانەی کە بە پێچەوانەی دەستوور لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێن.

هەروەها پێداگریی لەسەر دۆخی کارگێڕی و ئەمنیی ناوچەکە کردەوە و رایگەیاند: "ئەم ناوچانە تا کاتی جێبەجێکردنی تەواوەتیی ماددەی 140ـی دەستوور، پێویستە لە رێگەی ئیدارەیەکی هاوبەش و هێزە ئەمنییە هاوبەشەکانەوە بەڕێوە ببرێن و سەرپەرشتی بکرێن."