زیا زەیدی: ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان جێگەی شانازییە

ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، گەندەڵی بە تەواوی لە دامودەزگا حکوومییەکانی عێراقدا بڵاوبووەتەوە و وەک شێرپەنجەی لێهاتووە، هاوكات تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە و ئاستی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەم دۆسیەیەدا.

یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، زیا زەیدی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: گەندەڵی دارایی و کارگێڕی لە تەواوی فەرمانگە حکوومییەکانی عێراقدا تەشەنەی کردووە و هاوشێوەی شێرپەنجە زیانی بە دەوڵەت گەیاندووە

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی فیدراڵ دەیەوێت سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت و دادگاش ژمارەیەک رێوشوێنی یاسایی توندی بۆ ئەم مەبەستە گرتووەتەبەر.

زیا زەیدی گەشەکردنی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و رایگەیاند: "شانازی دەکەم کە لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدانی ئابووری و پێشکەوتنی بەرچاو بەدی دەکرێت، هاوکات هاووڵاتییانیش بە شێوازێکی شارستانی پارێزگاری لە شارەکانیان دەکەن."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و ڕوونی کردەوە: "هەماهەنگییەکی باش و ئەرێنی لە چەندین دۆسیەی جیاوازدا لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەیە، بە تایبەتی لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا؛ ئێمە خوازیارین ئەم هاوکارییە هاوبەشە بەردەوام بێت."

جەختی لەوەش کردەوە، لە هەرێمی کوردستاندا ئاسایش و سەقامگیرییەکی باش هەیە، هەروەها رێژەی گەندەڵی لە هەرێمەکە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق زۆر کەمترە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکار و رێوشوێنانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژی گەندەڵی گرتوویەتیەبەر.

زیا زەیدی جەختی کردەوە، هیچ هێڵێکی سوور لە بەرامبەر گەندەڵکاراندا بوونی نییە و پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوام دەبێت.