مێرز: تا جەنگی ئێران کۆتایی نەیەت نرخی وزە سەقامگیر نابێت

راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز تاکە رێگەی خێرایە بۆ دابەزاندنی نرخی وزە و نەوت لە ئەڵمانیا و بازاڕەکانی جیهاندا، هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیی خەرجییە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی و پەرەپێدانی تواناکانی ناتۆ کردەوە لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکاندا.

یەکشەممە، 30ی ئابی 2026، فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە میانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتی تەلەڤزیۆنیدا لە کەناڵی (ZDF)، وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دایەوە و روونیکردەوە کە حکوومەت ناتوانێت نرخی نەوتی 100 دۆلاری بە هاوکاریی دارایی بۆ هەمیشە دابەزێنێت و پێویستە سیاسەت لەگەڵ هاووڵاتییاندا راستگۆ بێت.

مێرز ئاشکرای کرد، بەرلین لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو رۆڵیان هەبێت لە راگرتنی جەنگی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز، چونکە گەڕانەوەی کەشتیوانی بۆ گەرووەکە دەستبەجێ دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی و گاز لە ئەڵمانیا.

سەبارەت بە سیاسەتی وزەی ناوخۆ، مێرز رەخنەی لە بڕیارەکانی پێشوو گرت سەبارەت بە داخستنی وێستگە ئەتۆمییەکان پێش دروستکردنی سەرچاوەی بەدیل، و جەختی کردەوە ئێستا تەنیا رێگە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی وزە، فراوانکردنی سەرچاوەکانی خستنەڕووی کارەبا و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی و باجە لەسەر کۆمپانیا پیشەسازییەکان.

لە رووی سەربازی و ئەمنییەوە، راوێژکاری ئەڵمانیا داوای قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕییەکانی 15 ساڵی ڕابردووی سوپای وڵاتەکەی کرد بۆ ئەوەی توانای بەرگریکردن لە خاکی ئەڵمانیا و پاراستنی ئاشتیی ئەوروپای هەبێت.

دەربارەی ئامانجی ناتۆ بۆ بەرزکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان بۆ 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی، مێرز ڕوونیکردەوە، ئەم بابەتە بەندە بە ئاستی هەڕەشە ئەمنییەکان، و بەپێی بڕیاری لوتکەی لاهای، وڵاتەکەی پابەندە بە تەرخانکردنی 3.5% بۆ بودجەی سەربازی و 1.5% بۆ ژێرخانی بەرگری، و جەختی کردەوە، ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ کەمبوونەوەی هەڕەشەکان لەسەر کیشوەری ئەوروپا نابینرێت.

فریدریش مێرز باسی لە چاکسازییە درێژخایەنەکان لە سیستەمی خانەنشینی و سیاسەتی کۆچبەری کرد و گوتی: ئەو چاکسازییانەی پێویستن رەنگە لە سەرەتادا لەلایەن شەقامەوە پەسەند نەبن، بەڵام ئەرکی سەرەکیی من سەرکردایەتیکردنی ئەڵمانیایە بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیر، ئارام و ئازاد تا نەوەکانی داهاتووش هەمان دەرفەت و خۆشگوزەرانیی ئێمەیان لەم وڵاتەدا هەبێت.