ئەکسیۆس: ئه‌مریكا دوو سه‌كۆی هه‌ڵدانی مووشه‌كی له‌ دوورگه‌ی لارک بۆردوومان كرد

بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە دوورگەی لارک بۆردوومان کردووە، پێش ئەوەی مینی دەریایی بهاوێژنە ناو گەرووی هورمز.

یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کرد، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی مووشەکیی ئێرانیان لە دوورگەی لارک لە کەنداو پێکاوە و تێکیانشکاندوون.

بەپێی گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، هێرشەکە دوای ئەوە ئەنجامدراوە کە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتی ئامادەکاریدا بینراون بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بۆ ناو گەرووی هورمز، بە مەبەستی چاندنی مین لە رێڕەوی کەشتیوانی و دروستکردنی مەترسی لەسەر هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا.

هاوکات ئاژانسی فارس بڵاوی کردووەتەوە، دەنگی تەقینەوە لە دوورگەی لارک بیستراوە و هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە

هاوکات تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێش کاتژمێرێک هێرشێکی درۆنیی دوژمن بۆ سەر دوورگەی لارک لە پارێزگای هورمزگان ئەنجام دراوە.

ئاماژەشی داوە، هەندێک لە ڕاپۆرتە سەرەتاییە ناڕەسمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەی ئەمریکی، تا ئێستا دوو کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

باسی لەوەش کردووە، تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمیی یەکلاکەرەوە لەم باریەوە بڵاونەکراوەتەوە.