سوپای پاسداران هێرشەکەی سەر دوورگەی لارکی پشتڕاست کردەوە

سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکەی سەر دوورگەی لارکی لە کەنداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند, بەهۆی بۆردوومانەکەوە ژمارەیەک لە چەکدار و هاووڵاتییانیان کوژراون و بریندار بوون، هاوکات هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە و سزادانی توندی ئەمریکای کرد.

یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی دەستدرێژیکارانەدا هێرشیان کردووەتە سەر دوورگەی لارک لە نزیک گەرووی هورمز، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە چەکدارانی سەر بە سوپای پاسداران و هاووڵاتییانی مەدەنی لەو ناوچەیەدا.

سوپای پاسداران ئاماژەی داوە، هێرشەکەی وەک نیشانەی شکستی واشنتن لە چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانی و لەدەستدانی پێگەی لە ناوچەکەدا وەسف کرد، و هۆشداریی دا کە ئەم دەستدرێژییە لەلایەن رۆڵەکانی ئێرانەوە بێ وەڵام تێناپەڕێت و دەستبەجێ سزادانی توندی دەستدرێژیکارانی بەدوادا دێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کرد، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی مووشەکیی ئێرانیان لە دوورگەی لارک لە کەنداو پێکاوە و تێکیانشکاندوون.

بەپێی گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، هێرشەکە دوای ئەوە ئەنجامدراوە کە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتی ئامادەکاریدا بینراون بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بۆ ناو گەرووی هورمز، بە مەبەستی چاندنی مین لە رێڕەوی کەشتیوانی و دروستکردنی مەترسی لەسەر هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا.