لە گەرووی هورمز ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەو تۆمەتانەی سوپای پاسدارانی رەتکردەوە کە هێرشەکەی ئەمریکای بە کردەوەی دەستدرێژکارانە ناوبردبوو و رایگەیاند، ئەم بانگەشانە بە تەواوی نادروستن.

واشنتن جەختی کردەوە: "ئێران خۆی ئەو هەڕەشەیەی دروستکردووە، هێزەکانی ئەمریکاش تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی مەدەنی، کەشتییە بازرگانییەکان و گەرەنتی کردنی ئازادیی بازرگانیی جیهانی، هەڕەشەکەیان لەناو بردووە."

بەرپرسێکی ئەمریکی بە کەناڵەکانی عەرەبیە و حەدەسی راگەیاندووە، هێزەکانیان دوو سەکۆی هاویشتنی مووشەکی ئێرانییان لە دوورگەی لارک پێکاوە. ئەمەش دوای ئەوەی تێبینی کرا هێزەکانی سوپای پاسداران ئامادەکارییان دەکرد بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بەرەو گەرووی هورمز.

تیم هوکینز، کاپتنی هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان بە وردی چاودێری ناوچەکە دەکەن و لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووەکەدا. ئەمەش یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئەمریکایە بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە دوای کۆتایی مانگی تەممووزی رابردووەوە.

لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران شەوی رابردوو کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک سەرباز و هاووڵاتی لەو هێرشەدا راگەیاند و جەختی کردەوە، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارک بێ وەڵام نابێت و سزا و تۆڵەی بەدوادا دێت.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و دووانی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دوای ئەوەی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک دوورگەکە بیستراوە.