ترەمپ: ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبوایە بەکاری دەهێنا

ترەمپ: ئێران وڵاتێکی شکستخواردووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوز کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکرایەوە، هۆشداریی توندی دایە ئێران و رایگەیاند، هیچ پاساوێک بۆ رێگری نەکردن لە هەوڵەکانی تاران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نابینێت.

ترەمپ لە میانی بەرنامەی "Sunday Night in America" ئاماژەی کرد: "ئەگەر ئێرانییەکان چەکی ئەتۆمییان هەبوایە، بێگومان بەکاریان دەهێنا"، هەروەها بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بەوە وەسف کرد کە "کەسانێکی زۆر توندوتیژ و خراپەکارن".

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە سەرکەوتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران و هەڵمەتی فشارە داراییەکانی واشنتن کردەوە و گوتی: "ئەم رێکارانە بوونەتە هۆی پاشەکشەی ئێران و ئێستا ئەو وڵاتە بووەتە دەوڵەتێکی شکستخواردوو".

سەبارەت بە توانای سەربازیی ئێران، ترەمپ دەڵێت؛ سوپای ئەو وڵاتە زیانی گەورەی بەرکەوتووە و رایگەیاند: "هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و فەرماندەکانیان کۆتاییان هاتووە، هەروەها سیستەمە بەرگرییە دژە فڕۆکەکانیان لەناوچوون؛ هەموو ئەمانە لەناوبراون".

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵـەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە تێیدا دوورگەی خارگی ئێران بەوێرانی نیشان دەدات و ئاماژەی کردووە، دوورگەکە بە تەواوەتی وێران بووە".

ڤیدیۆکە، بە ژیریی دەستکرد (AI) دروستکراوە، قەبارەی ئەو زیانە گەورانە نیشان دەدات کە بەر دوورگەکە کەوتوون. دوورگەی خارگ ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران و بڕبڕەی پشتی ئابووری ئەو وڵاتەیە، دەکەوێتە کەناراوەکانی باشوور و چەند سەد کیلۆمەترێک لە باکووری رۆژئاوای گەرووی ستراتیژیی هورمزەوە دوورە.

پێشتر ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە هێزی زەمینی بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ دەنێرێت، هەروەها هەڕەشەی بۆردومانکردنی پێگەیەکی ئەتۆمیی ژێرزەمینیی ئێرانی کردبوو کە بە "چیاکانی پیکاکس" (Pickaxe Mountain) ناسراوە.

لە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی رابردوودا، ئەمریکا و ئێران دوو جار گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە بە خێرایی هەرەسیان هێنا و ململانێکان کە ماوەی شەش مانگە بەردەوامە، کۆتاییان نەهات.