لافاو گەشتیارانی پارکێکی ئەمریکا رادەماڵێت

دەستەی پارکە نیشتمانییەکانی ئەمریکا رایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن خەریکی گەڕان و پشکنینن بەدوای زیاتر لە 20 کەسدا، کە دوای لافاوێکی لەناکاو و بەهێز لە پارکی نیشتمانی گراند کانیۆن لە ویلایەتی ئەریزۆنا، بێسەروشوێن بوون.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی دەستەکە، داوا لە هاووڵاتییان کراوە هەر زانیارییەکیان سەبارەت بەو 20 کەسە هەیە گومانی بێسەروشوێنبوونیان لێدەکرێت، بە زووترین کات پەیوەندییان پێوە بکەن. پێشتر توانرابوو 62 کەس لەو ناوچانەی لافاوەکە گرتبوویەوە برایت ئەنجڵ کانیۆن و فانتۆم رانش رزگار بکرێن و بۆ شوێنی سەلامەت بگوازرێنەوە.

لافاوەکە زیانی گەورەی بە ژێرخانی ناوچەی برایت ئەنجڵ گەیاندووە. ئاوەکە زۆربەی ئەو پردانەی رووخاندووە کە بۆ پەڕینەوەی گەشتیاران و پیادە بەکاردەهێنران، بەوەش رێگەی پەیوەندی گەشتیاران بۆ لایەکەی دیکەی دۆڵەکە پچڕاوە. هەروەها هێزی ئاوەکە هێندە زۆر بووە، بووەتە هۆی فراوانکردنی رەوتی ئاوی ناوچەکە و دروستکردنی چەندین چاڵ و گۆڕانکاری لە سروشتی ناوچەکەدا.

ناوچەی گراند کانیۆن لە رۆژی شەممەوە رووبەڕووی زنجیرەیەک گەردەلوول و بارانی بەخوڕ بووەتەوە، بە جۆرێک لە هەندێک کاتدا بڕی بارانبارین گەیشتووەتە یەک ئینج لە کاتژمێرێکدا.

لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتداران هۆشداری دەدەن، مەترسییەکە کۆتایی نەهاتووە و ئەگەری هەیە شەپۆلی نوێی بارانبارین لافاوی زیاتر دروست بکات. تیمەکانی فریاکەوتن هۆشدارییان داوە لە ئەگەری روودانی رۆچوونی زەوی، کەوتنی بەرد و دروستبوونی لیتە لەسەر رێگەی گەشتیاران و رێڕەوی رووبارەکان، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی گەشتیاران دروست دەکات.