ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی نیپال بەرز بووەوە

دەسەڵاتدارانی نیپاڵ و چین نوێترین ئاماری قوربانیانی ئەو لافاوە وێرانکەرەیان بڵاوکردەوە کە هەفتەی رابردوو ناوچە سنوورییەکانی هەردوو وڵاتی گرتەوە. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گیانلەدەستدان لە هەردوو وڵات گەیشتووەتە 919 کەس.

دەستەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی کارەسات لە نیپاڵ رایگەیاند، تەنیا لەو وڵاتە 903 کەس گیانیان لەدەستداوە و 4247 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. هاوکات لە دیوی سنووری وڵاتی چین، حکوومەتی بەیژینگ گیانلەدەستدانی 16 کەس و بێسەروشوێنبوونی 546 کەسی دیکەی راگەیاندووە، بەمەش کۆی گشتی بێسەروشوێنبووان لە هەردوو دیوی سنوور گەیشتووەتە 4793 کەس.

یەکێک لە مەترسیدارترین لێکەوتەکانی ئەم لافاوە، گیرخواردنی کرێکارانە لە وێستگەکانی وزە. دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە نیپاڵ ئاشکرای کردووە 933 کرێکار لە ناو شەش پڕۆژەی جیاوازی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای ئاودا گیریان خواردووە. لای خۆشییەوە، کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆی وزە (IPPAN) ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە 11 پڕۆژەی جیاوازدا بێسەروشوێن بوون یان گیریان خواردووە، لە 930 کەس زیاتر بێت.

شەپۆلی لافاوەکە بەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو دوای ئەوە دەستی پێکرد، بەهۆی بوومەلەرزەیەک و دواتر رەنوویەکی بەهێز، پارچە بەفر و سەهۆڵێکی گەورە لە دیوی چینەوە بەرەو رووباری بهۆتی کۆشی لە نیپاڵ کەوتە خوارەوە. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قوڕ، لیتە، بەرد و پاشماوەی جۆراوجۆر کە بە ناو دۆڵە شاخاوییەکاندا گەیشتە رووبارەکان و وێرانکارییەکی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا دروست کرد.