وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بنکە سەربازییەکانی ئەمریکامان لە ئوردن و ئیمارات کردە ئامانج
سوپای ئێران و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە زنجیرەیەک راگەیەندراویان دەربارەی وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، سوپای ئێران بە فەرمی رایگەیاند؛ بنکەی ئاسمانی مەناهدیان لە وڵاتی ئیمارات کردووەتە ئامانج. تاران ئاماژەی کردووە، ئەم هێرشە وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بووە بۆ ئەو دەستدرێژییانەی کراونەتە سەر دوورگەی لارکی ئێرانی. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە، سوپای ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە دوورگەی لارک، ئەمەش وەک پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ئێران ناوبرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، هێزە چەکدارەکانیان گورزی بەرگریی کوشندەیان وەشاندووە لەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا کە لە خاکی ئوردندان. تاران دەڵێت: "ئەو بنکانەی لە ئوردن کراونەتە ئامانج، وەک بنکەیەک بۆ دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران بەکارهێنراون."
سەبارەت بە تێکچوونی باری ئەمنی ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ تەنیا هۆکاری نائارامی رێڕەوە دەریاوانییەکان لە ناوچەکەدا، رەفتارە شەڕانگێزییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلـە.
کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری داوە، هێزە چەکدارەکانیان بە توندی و بە شێوازێکی گونجاو وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی دیکەی سەربازی دەدەنەوە. تاران رایگەیاندووە، واشنتن و هەموو ئەو لایەنانەی هاوکاری دەکەن، بەرپرسیارێتی تەواوی لێکەوتەکانی ئەم هێرشانە و بەردەوامیی گەمارۆ و شەڕی ئابوورییان لەسەرشانە.