هێزی دەریایی ئێران: کەشتییەکی نەوت لە گەرووی هورمز بەهۆی مینەوە گڕی گرت
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، تانکەرێکی نەوتی سەرپێچیکار لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون لە رێڕەوێکی نایاسایی لە باشووری گەرووی هورمز، بە دوو مینی دەریایی کێشاوە و بەو هۆیەوە ئاگر لە تانکەرەکە کەوتووەتەوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداری توندی داوەتە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و رایگەیاندووە: "چارەنووسی هەر کەشتییەک کە سەرپێچی لە رێسا ئەمنییەکانی گەرووی هورمز بکات، هاوشێوەی چارەنووسی ئەو تانکەرە دەبێت کە بە مینە دەریاییەکاندا تەقیوەتەوە."
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، پابەندبوون بەو رێنماییانەی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بۆ هاتوچۆ و دەریاوانی لە گەرووی هورمز رادەگەیەنرێن، کارێکی ئیجباری و پێویستە و نابێت هیچ کەشتییەک لێی لابدات.
هەروەها هێزی دەریایی ئێران هۆشداری داوەتە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی کە نەکەونە داوی هاندان و چەواشەکارییەکانی سوپای ئەمریکاوە و داوای لێکردوون تەنیا پابەندی رێسا دیاریکراوەکان بن بۆ پاراستنی سەلامەتییان لە ناوچەکەدا.