سوپای پاسداران: درۆنیکی ئەمریکیمان خستە خوارەوە

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایانگەیاند، درۆنێکی ئەمریکییان لە جۆری MQ9 لەسەر ئاسمانی گەرووی هورمز پێکاوە و خستوویانەتە خوارەوە.

ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران پشتڕاستیان کردووەتەوە درۆنەکە ئەمریکییەکە کە توانای فڕینی بۆ مەودایەکی دوور هەیە،لە لایەن بەرگریی ئاسمانی سوپاوە پێکراوە و لەناو ئاوەکانی کەنداودا کەوتووەتە خوارەوە.

شەوی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دوورگەی لارک لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران. بەگوێرەی سەرچاوە ئێرانییەکان، ئەو هێرشەی ئەمریکا بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی.

لە کاردانەوەی ئەو هێرشەدا، سوپای پاسداران رایگەیاندووە؛ هەردوو بنکەی ئاسمانی مەلیک حوسێن و ئەزرەقی ئەمریکییان لە ئوردن کردووەتە ئامانج. هاوکات هێزەکانی سوپای ئێران لای خۆیانەوە بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی مەنهادی ئەمریکی لە ئیمارات.