لە خانەقین چەند گەنجێکی کورد دەستگیر کران و رێگری لە خۆپیشاندان دەکرێت

لە خانەقین هێزە ئەمنییەکان چەند گەنجێکی کوردیان دەستگیر کرد و بەو هۆیەشەوە ئەو خۆپیشاندانەی بڕیار بوو دژی پرۆسەی تەعریب و پێشێلکردنی ماددەی 140 بەڕێوەبچێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

دوێنێ یەکشەممە لایەنە سیاسییەکانی خانەقین کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ئەو شێوازە نوێیەی "تەعریب" کە لە خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالە گیراوەتە بەر. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درابوو ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی فراوان لەنێو بازاڕی خانەقین دژی هێنانی عەرەبی هاوردە و پێشێلکردنی ماددەی 140ـی دەستوور ئەنجام بدرێت.

بەپێی زانیارییەکان، دوای بڕیاری خۆپیشاندانەکە، هێزێکی ئەمنی زۆر لەنێو خانەقین بڵاوەیان پێکراوە و لە رێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانی حکوومەتی عێراقەوە، چەند گەنجێکی کورد دەستگیر کراون، هاوکات هەڕەشەی دەستگیرکردن لە زیاتر لە 30 گەنجی دیکەی شارەکە کراوە.

بەهۆی ئەو گرژییە ئەمنییانەوە، کاتژمێر 12:00ـی شەوی رابردوو، لێژنەی رێکخستنی خۆپیشاندانەکە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیدارە و دەزگا ئەمنییەکان، بڕیاریان دا خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی نادیار دوا بخەن. بڕیاریشە ئەمڕۆ لێژنەکە کە لە کەسایەتی سیاسی، چالاکوان و نوێنەرانی کورد پێکهاتوون، سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کورد و عەرەب لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە، بە مەبەستی راگرتنی ئەو پێشێلکاریانە و دەرکردنی عەرەبە هاوردەکان.

یەکێک لەو چالاکوانانەی نێو لێژنەی رێکخستنی خۆپیشاندانەکە، بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی هەڕەشەی دەستگیرکردن و ئەگەری تەقەکردن لە خۆپیشاندەران بۆ کپکردنی دەنگی کوردانی رەسەنی ناوچەکە، ناچار بوون خانەقین جێبهێڵن.