پزیشکیان: بەدوای جەنگەوە نین، بەڵام وەڵامی توندی دەستدرێژیکاران دەدەینەوە
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران تارانی بەجێهێشت و بەر لە رۆیشتنیشی رایگەیاند، مێژووی پەیوەندییەکانی ناوچەکە بەڵگەن بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوای جەنگەوە نییە، بەڵام بەرامبەر بە هەر دەستدرێژییەک بە هێز و بە توندی وەڵام دەداتەوە.
مەسسعود پزیشکیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئابی 2026، تارانی بەرەو قیرغیزستان بەجێهێشت بۆ ئەوەی بەشداری لە 26ـەمین لووتکەی هاریکاریی شەنگەهای بکات، بەر لە بەڕێ کەوتنی گوتی: ناسەقامگیریی زیانی بۆ هەموو وڵاتان ناوچەکە دەبێت.
گەشتەکەی پزیشکیان لە کاتێكدایە، شەوی رابردوو جارێکی دیکەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای ئەمریکا و هێزەکانی ئێران دەستپێکردەوە و سوپای پاسدارانیش چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئوردن و ئیمارات کرد.
لەلایەن خۆیەوە پزیشکیان جەختی لەسەر پێویستی یەکگرتوویی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردەوە و رایگەیاند، یەکگرتوویی بۆ پێشخستنی ئامانجە ئابووری و ئەمنییەکان گرنگە.
هەروەها گوتیشی: مێژووی ئێران لەم ناوچەیە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و هەمیشە لە پەیوەندی، پێکەوەژیان دا بووە، بۆیە ئاشتی، ئاسایش، ئابووری و شارستانییەت لەم خاکەوە سەری هەڵداوە و سروشتییە کە دەبێت بۆ پەرەپێدانی ئەم رەوتە لە جیهان دا هەوڵ بدەین.
سەرۆککۆماری ئێران هیوا خوازە لەم لووتکەیەدا بە گفتوگۆی بنیاتنەر، توانای بەڕێوەبردنی ناوچەکە لەلایەن خودی سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانەوە بسەلمێنرێت، دەشڵێت: ئامادەبوونی زۆربەی سەرۆکی وڵاتانی ناوچەکە و گفتوگۆ دوولایەنەکان لە پەراوێزی ئەم لووتکەیەدا، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی ئاراستەی ئەمنی، ئابووری و سیاسیی ناوچەکە و بە هیوای ئەوەی دەستکەوتی باشی بۆ هەموو وڵاتان هەبێت.