تورکیا میوانداریی یەکەم کۆبوونەوەی رێککەوتنی مەککە دەکات
یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی باڵای رێککەوتنی مەککە لە نێوان تورکیا، سعوودییە و پاکستان لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش و داڕشتنی نەخشەڕێگەی هاوپەیمانییە نوێیەکەیە.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی باڵای ستراتیژی، سیاسی و بەرگریی نێوان هەریەک لە تورکیا، سعوودییە و پاکستان لە شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت.
ئەم کۆبوونەوەیە یەکەم هەنگاوی کردەیییە بۆ جێبەجێکردنی "رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" و لەم مانگەدا لە نێوان هەر سێ وڵات واژۆ کرا.
کۆبوونەوەکە لە ئاستێکی باڵای بڕیاردان بەڕێوەدەچێت، تێیدا وەزیرانی دەرەوە، وەزیرانی بەرگری و سوپاسالارانی سوپای هەر سێ وڵات بەشدار دەبن.
لە لایەنی تورکیاوە هاکان فیدان، یاشار گولەر و سەلچوک بایرەکتارئۆغڵو سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکەن، هاوکات شاندی سعوودییە بە سەرۆکایەتیی فەیسەڵ بن فەرحان و خالید بن سەلمانە، شاندی پاکستانیش بە سەرۆکایەتیی ئیسحاق دار و عاسم مونیر بەشدار دەبن.
بەرنامەی کاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە داڕشتنی نەخشەڕێگەی هاوپەیمانییەکە و دامەزراندنی سکرتاریەتێکی هەمیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان. هەروەها بڕیارە گفتوگۆی چڕ بکرێت لەسەر پەرەپێدانی توانای بەرگریی هەر سێ وڵات، هەماهەنگی لە نێوان هێزە چەکدارەکان، پەرەپێدانی توێژینەوە، بەرهەمهێنانی هاوبەشی سەربازی و بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە لە 7ی ئابی ساڵی 2026 لە شاری مەککە لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان واژۆ کرا.
ئەم رێککەوتنە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکی دادەنرێت و زۆرجار بە "ناتۆی رۆژهەڵات" ناو دەبرێت، بە ئامانجی دروستکردنی سیستەمێکی پاراستنی یەکگرتوو لە نێوان سێ وڵاتی گەورەی ناوچەکەدا.
خاڵەکانی رێککەوتنەکە هاوشێوەی ماددەی پێنجی رێککەوتنی ناتۆیە، هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێک وەک هێرش بۆ سەر هەموویان دادەنرێت. ئەم هاوپەیمانییە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانی بەرگریی تورکیا، ئەزموونی سەربازیی پاکستان و هێزی دارایی سعوودییە یەکدەخات.
هەروەها، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە زیادیان کردووە، بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە ئێران و کەمبوونەوەی بڕوا بە دڵنیاییەکانی ئاسایشی ئەمریکا.