دەستەی دەستپاکی رێگریی لە بەهەدەردانی 19 ملیار دینار دەکات
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، بەهۆی هەوڵەکانیانەوە پرۆسەی فرۆشتنی زەوییەک بە رووبەری 550 دۆنم لە پارێزگای ئەنبار راگیراوە و بەو هۆیەوە پێشگیری لە بەهەدەردانی 19 ملیار و 250 ملیۆن دینار لە سامانی گشتی کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان بۆ دۆسیەی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە بەغدا و پارێزگاکان، تیمی مەیدانیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار دوای سەردانیکردنی فەرمانگەی موڵک و ماڵی دەوڵەت، بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانانی شارسازی لە ئەنبار و بەشی رێکخستنی شارەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی رومادی، چەند سەرپێچییەکیان لە پرۆسەی راگەیاندن و فرۆشتنی ئەو زەوییە ئاشکراکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، زەوییەکە دەکەوێتە سنووری فراوانبوونی داهاتووی رومادی و بەبێ وەرگرتنی رەزامەندییە یاساییەکان لە شارەوانیی رومادی، بە نرخێکی کەمتر لە بەهای راستەقینەی خۆی، واتە بە 13 ملیار و 750 ملیۆن دینار بە هاووڵاتییەک فرۆشراوە.
دەستەکە روونیکردەوە، نرخی هەر دۆنمێکی زەوییەکە بە 25 ملیۆن و 90 هەزار دینار مەزەندە کراوە، کە ئەم نرخە زۆر کەمترە لەو پێوەرانەی ساڵی 2024 لەلایەن دەستەی گشتیی باجەکانەوە دیاری کراوە، تیمی لێکۆڵینەوەکە دوای وردبینیکردن لە هێڵکاریی زەوییەکە و بەراوردکردنی لەگەڵ نرخی زەوییە هاوشێوەکان بۆیان دەرکەوتووە، نرخی راستەقینەی هەر دۆنمێک 60 ملیۆن دینار و بەهای گشتیی زەوییەکەش 33 ملیار دینارە، بەوەش جیاوازییەکە لەگەڵ ئەو نرخەی لیژنەی مەزەندەکردن لە فەرمانگەی موڵک و ماڵی دەوڵەتی ئەنبار دیاری کردووە، 19 ملیار و 250 ملیۆن دینارە.
دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، تیمە مەیدانییەکەیان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان خستووەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دەستپاکی لە ئەنبار، دادوەر بڕیاریدا رێکارەکانی فرۆشتنی زەوییەکە رابگیرێت و سەرجەم بەڵگەنامەکان رەوانەی بەشی وردبینیی دەرەکی بکرێن بۆ دیاریکردنی سەرپێچییەکان، هەروەها دادوەر بڕیاریدا گوتەی نوێنەرانی یاسایی فەرمانگەی موڵک و ماڵی دەوڵەت، تۆمارگەی خانووبەرە لە ئەنبار و دەستەی گشتیی باجەکان وەربگیرێت.
لە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیرانی 2026، هەڵمەتێکی چڕ و پڕ دژی گەندەڵکاران دەستیپێکرد تیایدا دەیان ئەندام پەرلەمان و بەرپرس و سەرۆک حزب بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە گەندەڵییەوە دەستگیر کران. ئۆپەراسیۆنەکەش دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان هات.
هەروەها رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە کەناڵی عێراقییەی راگەیاند، هەڵمەتی حکوومەت بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بەردەوامە و لە میانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەهای ئەو پارە و موڵکانەی گەڕێندراونەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ترلیۆن و 359 ملیار دینار.