ئیمارات هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی مێنهاد رەت دەکاتەوە

بنمەی ئاسمانیی مێنهاد
بنمەی ئاسمانیی مێنهاد

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کرانە ئامانجی بنکەی ئاسمانیی مێنهاد بە مووشەک دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا، ئەو هەواڵانەی بە بێ بنەما ناوبرد کە لە میدیاکاندا سەبارەت بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی مێنهاد بڵاوکراونەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی روونیکردەوە، لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەیە.

وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتییان کرد، زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیارییە نادروستەکان دوور بکەونەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئێرنا، سوپای کۆماری ئیسلامی ایران هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانی مێنهادی ئیمارات کە شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکان و هێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکانە.

سوپای ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی دوژمن وەک تۆڵەسەندنەوەیەک، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، بەدەیان فڕۆکەی بۆمبرێهکراو هێرشمان کردە سەر شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هێلیکۆپتەر و هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانی مێنهادی ئیمارات.

بنکەی ئاسمانی مێنهاد، یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی پشتیوانی و گواستنەوەی ئاسمانیی هێزە بیانییەکان.