حزبە کوردستانییەکانی خانەقین داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی شارەکە دەکەن

حزبە کوردستانییەکانی سنووری خانەقین پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیاری هەڵپەساردنی گردبوونەوە جەماوەرییەکەی شارەکە راگەیاند و داوا دەکەن سەرۆکایەتییەکانی عێراق بەدەم داواکارییە رەواکانی ناوچە کوردستانییەکانەوە بێن و سەرجەم دەستگیرکراوانیش ئازاد بکەن.

لە راگەیەنراوێکدا کە ئاراستەی جەماوەری خانەقین، گوڵاڵە، سەعدیە، مەندەلی، قەرەتەپە و جەبارە کراوە، حزبە کوردستانییەکان پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ بڕیاری دەستەی سەرپەرشتیارانی گردبوونەوەکە دەربڕی بۆ هەڵپەساردنی کاتیی چالاکییەکان، تا ئەو کاتەی شاندی نوێنەرایەتی خانەقین دەگاتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسە باڵاکان کۆدەبێتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕیاری هەڵپەساردنی گردبوونەوەکە تەنیا لەپێناو پاراستنی ئارامی و گیانی هاووڵاتیاندایە، چونکە بەپێی زانیارییەکان، رێوشوێنەکانی ئاسایش بۆ پاراستنی گردبوونەوەکە لە ئاستی پێویستدا نەبوون و مایەی دڵنیایی نەبوون.

حزبە کوردستانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، جۆش و خرۆشی خەڵک بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانییانەی ناوچەکە پەیامێکی روون بوو، کە پێشێلکردنی مادەی 140 و فەرامۆشکردنی مافە دەستوورییەکان مەترسیی گەورەن. هەر بۆیە داوا لە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەن بە زووترین کات بەدەم داواکارییە رەواکانی خەڵکەوە بێن.

هاوکات، لە راگەیەنراوەکەدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو دەستگیرکراوان کراوە و جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی گرتن بۆ کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و گەنجان کراوەتەوە، چونکە وەک حزبەکان دەڵێن، بەشداریی ئەوان تەنیا دەربڕینی داواکاری دەستووری بووە بە رێگەی ئاشتییانە و مەدەنی.

لە کۆتاییدا، حزبە کوردستانییەکانی خانەقین دووپاتی دەکەنەوە کە سەرجەم رێگە دەستووری و یاساییەکان دەگرنەبەر بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵک و پاراستنی ئارامیی ناوچەکە لە پێشینەی کارەکانیاندا دەبێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەرێم جاف پەیامنێری کوردستان24، دوو لە چالاکوانان دەستگیرکراون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 20 کەسی دیکەش دەرکراوە.