زولفەقاری: جەنگمان ناوێت
زولفەقاری: هێرشەکەی ئەمریکا هەڵەیەکی کوشندە بوو
گوتەبێژی "خاتەمولئەنبیا" دەڵێت، لە وەڵامی هێرشێکی نایاسایی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارەک، بنکەکانی ئەو وڵاتەیان لە ئوردن کردووەتە ئامانج و درۆنێکیان خستووەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمریکا بە شێوەیەکی نایاسایی هێرشی کردووەتە سەر دوورگەی 'لارک'.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران، لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ژمارەیەک سەرباز و هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون. ئەو هەنگاوەی ئەمریکاشی بە "هەڵەیەکی کوشندە" وەسف کرد.
زولفەقاری روونی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆیان، هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکانەی ئەمریکا لە ئوردن پشتیوانیی هێرشەکەیان کردووە، هەروەها درۆنێکی ئەمریکاشیان خستووەتە خوارەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، وڵاتەکەی نایەوێت بچێتە نێو جەنگەوە، بەڵام وەڵامێکی توندیان بۆ هەر دەستدرێژییەکی دیکە دەبێت و باجێکی قورس بە دوژمن دەدەن.
دوورگەی لارک یەکێکە لە دوورگە ستراتیژییەکانی ئێران و دەکەوێتە نێو ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمزەوە، خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ جموجۆڵە سەربازییەکان.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمریکا هێرشی کردە سەر باشووری ئێران؛ بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکیان بۆردومان کردووە پێش ئەوەی مینی دەریایی بهاوێژنە ناو گەرووی هورمزەوە.
لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستی دوو بنکەی سەربازییان کردووەتە ئامانج کە هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن بەکاریان دەهێنن.
هاوکات سوپای ئوردن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی هەشت مووشەکیان تێکشکاندووە کە ئاسمانی وڵاتیان بەزاندبوو، ئەمەش پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان یان مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان و موڵکی گشتی دروست بکەن.