گوتەبێژی حکوومەت: پێوەرەکانی نەهێشتنی گەندەڵی بەدەستهاتوون
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، لە 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت، هاوکات جەخت لە کۆنترۆڵکردنی چەک و پێشکەوتنەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی راگەیاند، دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی چەندین پێوەری سەرەکیی بەدەستهێناوە لە دوای ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە.
لەبارەی سەروەریی وڵاتیشەوە روونی کردەوە، حکوومەت چاوەڕوانی 30ـی ئەیلوولی داهاتوو دەکات، چونکە دەبێتە پێوەرێکی گرنگی سەروەری بۆ دەوڵەت و گەلی عێراق و لەو وادەیەدا کۆتاییی بە بوونی نێردەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق دێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتە لە نێو کارنامەی وەزاریدا. ئەو رێکارانەی حکوومەت لەم دۆسیەیەدا جێبەجێیان دەکات، گەڕانەوەیەکی ئاساییە بۆ رێکارەکانی دەوڵەت و بنەما دەستوورییەکان، چونکە دەستوور دروستکردنی هەر گرووپێکی چەکداری لە دەرەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان قەدەغە کردووە.
لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چڕ کردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەدا. بەپێی رێککەوتنەکان، رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2026 وەک دوا مۆڵەت بۆ کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان دیاری کراوە و پرۆسەکەش دەستی پێکردووە، بە جۆرێک هێزەکانی ئەڵمانیا لەم مانگەدا بە تەواوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشاونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، یەکێک لە بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی پێکهێنانی کابینەکەیدا، نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت و رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە بوو لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە ئەمنییەکان چەندین رێکاریان گرتووەتەبەر بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان و لێپرسینەوە لەو لایەنانەی پابەندی یاسا نابن.
هەروەها، دەستەی دەستپاکی بەردەوامە لە ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی و تا ئێستا چەندین بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیر کراون، بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە دەزگاکانی دەوڵەت بگەڕێتەوە.