زانیاریی نوێ لەبارەی چەکدانانی پەکەکە؛ هەزارانیان تێکەڵاوی سوپای عێراق دەکرێن

پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە بە سەرپەرشتیی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات، بڕیارە هەزاران چەکداری ئەو رێکخراوە بگەڕێنەوە تورکیا و 2200 چەکداریشیان بچنە نێو سوپای عێراقەوە.

رۆژنامەی "حورییەت"ـی نزیک لە حکوومەتی تورکیا، وردەکاریی نوێی لەبارەی پرۆسەی چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکردەوە و باسی لەوە کردووە، میکانیزمێکی هاوبەش لە نێوان ئەنقەرە، بەغدا، هەولێر و سلێمانی بە سەرپەرشتیی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) دیاری کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی چەکداریی ئەو رێکخراوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، چاوەڕوان دەکرێت تا مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەندامانی پەکەکە چەک دابنێن و بگەڕێنەوە تورکیا. پرۆسەی رادەستکردنی چەکەکان لە هەولێر و سلێمانی بەپێی نەخشەڕێگەیەکی دیاریکراو دەبێت، هەموو چەکەکان تۆمار دەکرێن و دەخرێنە نێو لیستی فەرمییەوە.

لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دەزگای میت ئەرکی چاودێریکردنی مەیدانیی گرتووەتە ئەستۆ، بۆ پشتڕاستکردنەوەی چۆڵکردنی ئەشکەوت و کەمپەکان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان، دەزگاکە راپۆرتێک ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دەکات.

دوای دڵنیابوون لەوەی پەکەکە نەک تەنیا لە عێراق و سووریا، بەڵکو لە ئەوروپاش کۆتایی بە هەموو چالاکییە نایاساییەکانی هێناوە، ئەوکات بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی گەڕانەوەی ئەندامانی رێکخراوەکە بۆ نێو تورکیا دەست پێدەکات. هاوکات لەگەڵ جێبەجێبوونی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، پێداچوونەوە بۆ دۆسیەی ئەو کەسانەش دەکرێت ئێستا لە زیندانەکاندان.

چاوەڕوان دەکرێت 7000 بۆ 8000 چەکداری پەکەکە لە عێراق و سووریاوە بگەڕێنەوە تورکیا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گەڕانەوەی 8000 کەسی سڤیل لە کەمپی مەخموور.

 یاسای نوێی تورکیا تەنیا ئەندامانی ئاسایی دەگرێتەوە، 230 سەرکردەی باڵا و ئەو کەسانەی دەستیان لە کوشتنی راستەوخۆدا هەبووە یاساکە نایانگرێتەوە. 

هەروەها لە شنگالیش 2200 چەکداری سەر بەو رێکخراوە دەچنە نێو ریزەکانی سوپای عێراقەوە. 

رۆژنامەکە ئەوەی خستووەتەروو، پەکەکە نزیکەی 70 هەزار بۆ 80 هەزار لایەنگری لە ئەوروپا هەیە، بەشێکی زۆری ئەوانیش دوای دەرچوونی یاساکە دەگەڕێنەوە تورکیا.