دەست بەسەر 7 ملیار دینار و 5.5 ملیۆن دۆلاری بەڕێوەبەری نووسینگەی عەدنان جومەیلیدا گیرا

دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی لە عێراق، دەستبەسەرداگرتنی بڕی 7 ملیار دینار و 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، لەگەڵ 35 خانووبەرە و شەش ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە پەیوەندی بە دۆسیەی سپیکردنەوەی پارەوە هەیە.

رۆژی دووشەممە، 31ی ئابی 2026، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لە دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاش، خانووبەرە و ئۆتۆمبێلی گرانبەهای تۆمەتباری دەستبەسەرکراو "عەلا موحسین خەلەف"دا گیراوە، کە ناوبراو بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆمەتبار "عەدنان جومەیلی" بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دادوەرەکە، لە رێگەی شوێنپێهەڵگرتنی داراییەوە، توانراوە دەست بەسەر 7 ملیار دیناری عێراقی و 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئەمریکیدا بگیرێت و بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێندرێنەوە.

هەر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، دادگا بڕیاری دا دەست بەسەر 35 خانووبەرە و 6 ئۆتۆمبێلدا بگرێت کە بەناوی تۆمەتبارەکەوە بوون. جەختیش کراوەتەوە کە رێکارە یاساییەکان بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو سەروەت و سامانە نایاساییانەی دیکە کە لە ئەنجامی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، بەردەوام دەبن.

جێگەی ئاماژەیە کە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، ماوەی دوو مانگە بەردەوامیی هەیە. ئەم دۆسیەیە پەرلەمانتار و بەرپرسانی باڵای گرتووەتەوە کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بە ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا و ناوچەی سەوز دەستگیر کراون.

دوابەدوای دەستگیرکردنەکان، لە ماڵ و کێڵگەکانی بەرپرس و سیاسییەکاندا، دەست بەسەر چەندی ملیار دینار و ملیۆنان دۆلار و بڕێکی زۆر زێڕ و پارچە زێڕی قاڵبکراودا گیراوە. لەمبارەیەوە، دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی دەسپاکی عێراق جەختیان کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە دۆسیەکانی گەندەڵی، کە ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدایە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستیپێکردووە.