کارگەی ئەکەد بریک لە هەر کاتژمێرێکدا 50 تۆن خشت بە پێنج قەبارەی جیاواز بەرهەم دەهێنێت

یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی خشت لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە رووبەرەکەی 150 دۆنمە لە هەرێمی کوردستان کەوتەکار، ئەو کارگەیە توانای بەرهەمهێنانی لە رۆژێکدا 1200 تۆنە و هەلی کاری بۆ 450 کەس رەخساندووە و خشت هەناردەی سەرتاسەری عێراق دەکات.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 لە بارەی ئەم کارگەییەی بەرهەمهێنانی خشت (کەرپووچ) گوتی "کارگەی (ئەکەد برێک) کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی خشتە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی لەمجۆرە هەژمار دەکرێت، بەتایبەت لەلایەنی ئەو کورەیەی کە خشتەکانی پێ سوور دەکرێتەوە، بە گەورەترین کورەی سوورکردنەوەی خشت لە ئاستی جیهان دادەنرێت، کە لە خاوەن پیشەسازییە گەورە و بەهێزەکانیش هاوشێوەی نییە، لەنێویاندا چین.

گوتیشی: ئەمە دەبێتە یەکەمین و گەورەترین کورە لە ئاستی جیهان و بە گەرمی 850 پلەی سیلیزی خشتەکانی سوور دەکاتەوە.

 

هەروەها گوتیشی: ئەم کارگەیەش یەكێکە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیجییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم مۆڵەتی وەبەرهێنانی وەرگرتووە و ئێستا کەوتووەتە بەرهەمهێنان و دەتوانین بە سەرمایەیەکی گرنگی نیشتمانیی لە قەڵەمی بدەین.

لە بارەی ئامێرەکانی کارگەکە، بەرگەشت ئاکرەیی باسی لەوەکرد، ئامێرەکانی سیستەمی پێشکەوتوون و رۆبۆتەکانی لە ژاپۆنەوە هاوردەکراون، بەشێکیش لە ئامێرەکانی دیکەی ئەلیکترۆنی سەر بە کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانیان، بەشێوەیەکی گشتی 450 هەلی کاری بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رەخساندووە، بەمەش دەرفەتی کاری بۆ بەشێک زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە رەخساندووە، کە دەکەوێتە دەڤەری بێستانە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، بەرهەمەکانی ئەم کارگەیە، جیا لەوەی بەشێکی باشی پێویستییەکانی بیناسازی ناوخۆی کوردستان پڕ دەکاتەوە، دەتوانێت بەرهەمەکانی بۆ شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش هەناردە بکات.

 

هەر لە بارەی ئەم کارگە نوێیەی بەرهەمهێنانی خشت لە سنووری پارێزگای هەولێر، محەمەد سۆران بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای 'ئەکەد بریک' تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: کۆی گشتیی ئەو رووبەرەی کۆمپانیاکەی لەسەر دروستکراوە، 150 دۆنم دەبێت و تەنیا بەشی بەرهەمهێنانی کارگەکە لەسەر رووبەری 30,000  مەتری چوارگۆشە بنیادنراوە، خاوەنی یەک هێڵی بەرهەمهێنانە و لە هەر کاتژمێرێکدا 50 تۆن خشت بە پێنج قەبارەی جیاواز بەرهەم دەهێنێت و خاوەنی درێژترین کورەی سوورکردنەوەی خشتە کە درێژییەکەی 262 مەتر و پانییەکەی 9 مەترە.

محەمەد سۆران زیاتر روونیکردەوە، کارگەکەیان بە درێژایی 24 کاتژمێر 1200 تۆن خشت بەرهەم دەهێنێت، کە سەرجەم ئامێرەکانی لە تازەترین تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەوروپی و ژاپۆنی پێکهاتوون، راستەخۆ هەلی کاری بۆ 250 کەس و بە ناڕاستەوخۆش هەلی کاری بۆ 200 کەسی دیکە رەخساندووە، کە 99%ـی سوودمەندبووانی هەلی کار لەم کارگەیە خەڵکی کوردستانن و 95%یشیان لە دانیشتووانی دەڤەرەکەن؛ گوتیشی، زۆرینەی ئەو ئەندازیارانەشی لە کارگەی ئەکەد بریک کار دەکەن، لە گەنجە تازە دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەدینن.

 

لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی شوێنی دامەزراندنی کارگەکە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئاماژەیدا، شوێنەکەیان دەکەوێتە باشووری شاری هەولێر و نزیکەی شارۆچکەی قوشتەپەیە، سەرچاوەی ماددەی خاوی خشتەکانیشیان تەنیا 27 کیلۆمەتر لە کارگەکە دوورە و پرۆسەی بەرهەمهێنانیشیان بە تەواوی ئەلیکترۆنی و ئۆتۆماتیکە، تەنیا دەستی مرۆڤ لە کارپێکردنی ئامێرەکاندا هەیە.

محەمەد سۆران راشیگەیاند، ئێستا خشتی بەرهەمی کارگەکەیان توانیویەتی بە پلەی یەکەم پێویستییەکانی بیناسازی لە سنووری پارێزگای هەولێری پڕکردووەتەوە و خشتیش جکە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش هەناردە دەکەن.